دەیان هەزار ماسی بەهۆی دروستکردنی پرۆژەی کۆڕنیش لە زاخۆ لەنێوچوون

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پرۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ، ئاوی رووباری خابوور گیراوەتەوە و بەشێکی زۆر لە ماسییەکانی ئەو رووبارە کە زۆربەیان پەنجەماسین لەنێوچوون و بەشێکی دیکەشیان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. ژینگەپارێزان کۆبوونەتەوە و هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن.
 
ئاوی بەشێکی رووباری خابوور بەهۆی دروستکردنی پرۆژەی کۆڕنیش گیراوەتەوە و بە دەیان هەزار ماسیی بچووک لەنێوچوون، دەیان هەزار ماسی دیکەش مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، مەلەوانی و ژینگەپارێزی زاخۆ بۆ رزگارکردنی ماسییەکان، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە و ماسییەکان دەگوازنەوە ئەو بەشەی رووبارەکە کە ئاوی لەسەر نەگیراوەتەوە.
 
عەلی ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە زاخۆی گوت "ماسییەکان بەهۆی گرتنەوەی ئاوی رووبارەکە لەنێوچوون، ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانییەوە فەرمانمان پێکراوە ئەو ماسییانە رزگار بکەین، کە هێشتا لەنێو نەچوون."
 
تیمەکان بۆ رزگارکردنی ماسییەکان چەند حەوزێکی گەڕۆکیان هێناوە و ماسییەکان بە نایلۆن لە رووبارەکە دەردەهێنن و دەیانخەنە نێو حەوزەکە، عەلی ئەحمەد دەڵێت "بە ئۆتۆمبێل ماسییەکان دەگوازنەوە ئەو بەشەی دیکەی رووبارەکە، کە ئاوی لەسەر نەگیراوەتەوە و تاوەکو ئێستا توانیویانە نزیکەی 50 هەزار ماسی رزگار بکەن."
 
رۆژی دووشەممە 14ـی ئابی 2023، قۆناخی دووەمی پڕۆژەی کۆرنیشی پردی دەلال لە زاخۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایەوە. پڕۆژەکە بۆ جوانترکردنی زاخۆ و برەودانە بە کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە. قۆناخی یەکەمی پرۆژەی کۆرنیش بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەواوکراوە.
 
لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەدا دوو رێڕەو دروستکراون کە درێژیی هەریەکەیان کیلۆمەترێکە و بۆ پیاسەکردنی گەشتیارانن. لە قۆناخی دووەمدا دوو رێڕەوی دیکە کە درێژیی هەریەکەیان چوار کیلۆمەترە، دروستدەکرێن و گرتنەوەی ئەو بەشەی ئاوی خابوور بۆ دروستکردنی ئەو رێڕەوانەیە.