کەسێک لە باکووری کوردستان بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر پێنج کچی دەستگیر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەک لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر 5 کچی خۆی دەستگیرکرا و داواکاری گشتی داوای زیندانیکردنی 160 ساڵی بۆ دەکات.
 
ئەو هاونیشتمانییە کە ناوەکەی بە (ش. ک.) بڵاوکراوەتەوە و تەمەنی 47 ساڵە، لەلایەن پۆلیسی ئەرزەڕۆم دەستگیرکرا. بەگوێرەی تۆمەتنامەکەی، ئەو کەسە دەستدرێژی کردووەتە سەر هەموو کچەکانی کە گەورەکەیان 16 ساڵە و بچووکەکەشیان 6 ساڵە. 
 
ساڵی 2021 لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیرکراوە
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی پۆلیس ئامادەی کردووە، ساڵی 2021 باوکی ئەو پێنج کچە کە لە گوندێکی ئەرزەڕۆم دەژین، لەسەر سکاڵای کچە گەورەکەی بەناوی (ز. ک.) دەستگیرکرا. ئەو کچە ئەو کاتە گوتبووی، باوکی ماوەی نۆ ساڵە دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر خۆی و خوشکەکانی، بەڵام دواتر بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی باوکەکەوە، (ز. ک.) سکاڵاکەی دەکشێنێتەوە و دوای دوو ساڵ لە زیندانیکردنی (ش. ک.) ئازاد دەکرێت.
 
کچە گەورەکەی ئەو تۆمەتبارە ئەو کاتە بە پۆلیسی گوتبوو، "باوکم کێشەی لەگەڵ دایکم هەیە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە سەرجێیی لەگەڵ نەکردووە. باوکم دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر من، دواتر دوو خوشکم کە دووانەن و تەمەنیان 11 ساڵە؛ دواتریش دەستدرێژی کردووەتە سەر دوو خوشکی دیکەم کە تەمەنیان 8 و 9 ساڵە".
 
کچەکانی "لە ترسی باوکیان" سکاڵاکەیان کشاندووەتەوە
 
بەگوێرەی گوتەی کچەکانی، کاتێک ساڵی 2021 باوکیان خراوەتە زیندان، گوشاری لەسەر کچەکانی دروستکردووە بۆ ئەوەی گوتەیان بگۆڕن و سکاڵاکە بکێشنەوە. ئەوانیش رازی بوون و بەو هۆیەوە دوای مانگێک باوکیان ئازادکراوە. کچەکانی دەڵێن، باوکیان دوای دەرچوونی لە گرتووخانە بەردەوام بووە لەسەر هەمان کاری قێزەون. 
 
گرتەی ڤیدیۆیی ساتی دەستدرێژیکردنەکە هەیە 
 
کچە گەورەکەی دەڵێت، باوکی دوای دەرچوونی لە زیندان، دەستدرێژی کردووەتەوە سەر دوو خوشکە دووانەکەی و ئەویش بە مۆبایلەکەی وێنەی گرتوون و نیشانی دایکی و مامی داوە. ئەوە بوو دایکی و مامی سکاڵایان تۆمارکردووە و دووبارە (ش. ک.) دەستگیرکراوەتەوە. دایکی کچەکەش لە دادگە داوای جیابوونەوەی کردووە. 
 
هەروەها دوای ئەوەی گرتەڤیدیۆی دەستدرێژیکردنەکە رادەستی دادگە کرا، داواکاری گشتیی ئەرزەڕۆم، تۆمەتنامەی ئامادەکرد و داوای 160 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەو تۆمەتبارە کرد. بڕیارە دوو هەفتەی دیکە پرۆسەی دادگەیی (ش. ک.) بەڕێوەبچێت.
 
ئاماری دەستدرێژیی سێکسی لە تورکیا و باکووری کوردستان 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمەڵەی بەدواداچوونی دانیشتووانی جیهان (WPR) کە ئاداری 2023 بڵاویکردووەتەوە، لە هەر 200 هەزار ژنی باکووری کوردستان و تورکیا 3 ژن دەستدرێژیی سێکسیان دەکرێتە سەر. لە راپۆرتەکەی (WPR) لیستێک هەیە کە 119 وڵاتی لەخۆگرتووە و تورکیا لە ریزبەندەکەدا 99یەمین وڵاتە.