کەشناسی: بارانبارینی بەهێز هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

18-11-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن کەشوهەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و خێرایی با زیاد دەکات و پلەی گەرما نزیکەی هەشت پلە دادەبەزێت. دەشڵێت، بەهۆی شەپۆلەکەوە مەترسی لافاو لە هەولێر، ئامێدی، چەمانکێ، شیلادزێ، بەحرکە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و مەیدان هەیە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 18-11-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە بە نێونیشانی "هۆشداری کەشناسی" بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی نێوەڕاست لەسەر هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە باران لە تەواوی ناوچەکەمان بەشێوەی مامناوەند ببارێت؛ لەکاتەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی ئاماژە پێکراو قووڵتر دەبێتەوە و دابارینەکە زیاد دەکات و هەندێجار هەورە برووسکەی لەگەڵدا دادەبێت."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، خێرایی با چالاک دەبێت بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و دواتر کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 
لە هۆشدارییەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە لەگەڵ بەهێزبوون و چالاکبوونی کاریگەری ئەم شەپۆلە، باران بەشێوەی لێزمە دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان وەکو شاری هەولێر، ئامێدی، چەمانکێ، شیلادزێ، بەحرکە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و مەیدان."
 
کەشناسیی باسی لەوەشکردووە، لەدوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەوە بارانبارین مامناوەند دەبێت و بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت و پلەی گەرما 5 بۆ 8 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دیکەی ئەمڕۆی کەشناسی، لە 24 کاژێری رابردوودا و لە کاژێر 09:00ـی بەیانی دوێنێ هەینی بۆ کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 18-11-2023، زۆرترین باران لە هەرێمی کوردستان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر بووە کە زیاتر لە 114 ملیمەتر بووە؛ لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین باران لە سەرکەپکان بووە کە 22 ملیمەتر بووە؛ لە پارێزگای دهۆک زۆرترین باران لە قەسرۆک باریوە کە زیاتر لە 113 ملیمەتر بووە؛ لە هەڵەبجە کەمترین باران باریوە و هیچ شوێنێکی نەگەیشتووەتە دوو ملیمەتر.
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئێوارەی سبەینێوە شەپۆلێکی بارانبارین هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو ئێوارەی دووشەممە بە بەهێزی بەردەوام دەبێت و لە هەموو شوێنەکانیش زیاتر لە 50 ملیمەتر باران دەبارێت. بارانبارینەکە لە ئێوارەی سێشەممەوە لاواز دەبێت و کۆتایی دێت."
 
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشکرد، لە شاری هەولێر و دەوروبەری و قەزای سۆران، هەروەها سنووری پارێزگای دهۆک مەترسی لافاو هەیە. لەبارەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەشەوە گوتی، "لە ناوچە نزمەکانی ئەوێش مەترسی لافاو هەیە، بەڵام مەترسییەکان زیاتر لەسەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەبن."
 
لەو شارانەی باران باریوە لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رێژەکەی بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
پارێزگای هەولێر؛ شاری هەولێر 0.7 ملیمەتر، پیرمام 8 ملیمەتر، سۆران 14.4 ملیمەتر، هیران 15 ملیمەتر، بارزان 46 ملیمەتر، مێرگەسۆر 114.8 ملیمەتر.
 
پارێزگای سلێمانی؛ شاری سلێمانی 1.5 ملیمەتر، رانیە 9 ملیمەتر، قەڵادزێ 4 ملیمەتر، سەرکەپکان 22 ملیمەتر، چوارتا 3.5 ملیمەتر.
 
پارێزگای دهۆک؛ شاری دهۆک 4.2 ملیمەتر، زاخۆ 1 ملیمەتر، ئاکرێ 33 ملیمەتر، بامەڕنێ 12.8 ملیمەتر، کانی ماسێ 11 ملیمەتر، ئامێدی 12 ملیمەتر، بجیل 68 ملیمەتر، دینارتە 88 ملیمەتر، شێخان 35.5 ملیمەتر، قەسرۆک 113.5 ملیمەتر.
 
پارێزگای هەڵەبجە؛ شاری هەڵەبجە 0.7 ملیمەتر، تەوێڵە 1.7 ملیمەتر، بیارە 0.5 ملیمەتر، خورماڵ 1.2 ملیمەتر، سیروان 0.4 ملیمەتر.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.