رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی خەڵکی سنووری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاخەکانی نزیک شارەکە هەڵمەتێکی چاندنی بەڕوویان ئەنجامدا.
ئەو هەڵمەتە لەلایەن دامەزراوەی ژینگەدۆستانی زاگرۆس و سەرچاوە سرووشتییەکانی مەریوانەوە بەڕێوەچوو و دەیان نەمامی بەڕوو روێندران.
کامران دووپلوورەیی، چالاکڤانی ژینگە دەڵێت، ئەم جۆرە چالاکییانە زیاتر رەهەندێکی پەروەردەیی و هۆشیارکردنەوەیان هەیە و بۆ ئەوەیە کولتووری پاراستنی دارستانەکان لەنێو خەڵکدا پەرەبستێنێت.
ئەو چالاکڤانە داوا لە دایکان و باوکان دەکات، لەسەر بنەمای ژینگەدۆستیی منداڵەکانیان پەروەردە بکەن بۆ ئەوەی هەر تاکێک بەرامبەر ژینگە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و هەوڵ بۆ پاراستنی بدات.
لە ساڵانی رابردوودا، لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر هەڵمەت بۆ چاندنی بەڕوو و پاراستنی دارستانەکان بەڕێوە چووە و ژمارەیەک زۆری رێکخراوە ژینگەییەکان لەم بوارەدا چالاک بوون.
رووبەری دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر نییە، بەڵام ئەوەش بە خێرایی خەریکە لەنێودەچێت و ئەگەر هەوڵی چالاکڤانانی ژینگە نەبێت کارەساتی ژینگەیی روودەدات.
چالاکڤانانی ژینگە ئاگری دارستانەکان دەکوژێننەوە، هەوڵدەدەن نەخۆشی دارەکان کۆنترۆڵ بکەن، ژینگە خاوێن دەکەنەوە و هۆشداری دەدەنە کۆمەڵگە بۆ پاراستنی دارستانەکان.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە، لە سێ مانگی بەهار و دوو مانگی هاوینی ئەم ساڵدا 139 جار ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای سنە کەوتووەتەوە و دوو هەزار و 240 هێکتار دارستان سووتاون.
بەگوتەی بێهزاد شەریف پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە، ساڵانە 150 ملیار تمەن (زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار) بودجە بۆ پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو پارێزگایە پێویستە.
بێهزاد شەریف پوور دەڵێت، لەو پارێزگایەدا 62 کارمەند بۆ پاراستنی دارستانەکان هەیە، واتە یەک کەس بۆ هەر 26 هەزار هێکتار، کە ئەوەش زۆر کەمتر لە ئاستی ستانداردە بۆ ئەوەی بتوانرێت دارستانەکان بپارێزرێن. هەر دوو هەزار هێکتار دارستان، فەرمانبەرێکی بۆ پاراستنی پێویستە. ئەوەی بۆ پاراستنی دارستانەکان دەکرێت، زیاتر خەڵکی خۆبەخشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ