رێبەر ئەحمەد: سەرۆکی حکومەت هەموو پێویستییەکانی قوربانییانی تەقینەوەکەی سلێمانی دەگرێتە ئەستۆ


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە سلێمانی و سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و بەناوی سەرۆکی حکومەت سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کرد و پێزانینی تایبەتیشی هەبوو بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هەموو ئەو هێزانەی بەشداربوون لە پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی قوربانییەکان و رزگارکردنیان.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 18-11-2022، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری پەروەردەی هەرێمی کورستان گەیشتنە پارێزگای سلێمانی و بە یاوەری پارێزگاری سلێمانی سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد.
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەرەتا چووە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و بە ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەی گوت کە هەرچی داواکارییەکیان هەیە بیکەنە نووسراو و لە رێگەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رادەستی بکەن بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت بۆیانی دابین بکات.
 
دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رووی لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی کرد و رایگەیاند: "هاتووم بە ناوی سەرۆکی حکومەت دەستخۆشیتان لێبکەم، بە تایبەتی تیمەکانی بەرگریی شارستانی. جەنابی سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکەی کردووە و لەگەڵ پارێزگار قسەی کردووە، لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵ بووە. ئەمڕۆش هاتووم لە نزیکەوە بێجگەی لەوەی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان بکەین، هاتووین بە تایبەتی دەستخۆشی لە ئێوە [تیمەکانی فریاگوزاری] بکەین کە ئێوە پێشمەرگەئاسا هاتوونەتە دەست و بە ئەرکی خۆتان هەستاون بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە".
 
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: "جەنابی سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو هێزانەش هەیە کە بەشداربوون لەو چالاکییە بۆ رزگارکردنی ئەوانەی لەژێر خانووەکە مابوون، ئێوە سەربەرزتان کردین. ئینشاڵڵا ئەوەی لە توانادابێت لە وەزارەتی ناوخۆ لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەت بۆتان دابین دەکرێت".
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوپاسی تیمەکانی تەندروستیشی کرد و گوتی: "تیمەکانی تەندروستی لەکاتی و خۆی و ئێستاش لە ئەرکدان بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بریندارەکان بکەن، پشت بەخوا بریندارەکان پێویستیان بەشتی زیاتر نابێت. بەڵام هەر شتێکیان پێویست بێت لە ناوخۆ و لە دەرەوە سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارێتییەکەی دەگرێتە ئەستۆ و پشتگیری هەموو لایەک دەکات. دوای ئێرەش لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارەکان دەکەین و بۆ ئەوەی بزانین بارودۆخیان چۆنەو چیان پێویستە".
 
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی چوار تەرمی دیکەی رووداوەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکە دەرهێندران، عەمید دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دۆزینەوەی دوایین تەرمی رایگەیاند و گوتی: "لە شەوی رابردووەوە تائێستا 15 تەرممان دەرهێناوە، لەگەڵ 12 کەس کە لە ژیاندا مابوون".
 
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکەوەش، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند: "100٪ بەهۆی سیستەمی غازەکەوە بووە، وەستایەک کە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی فەرمی نەبووە، هاتووەتە ئێرە. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەستکاری سیستەمی شۆفاژی ئەو ماڵەی کردووە، بەهۆی لێچوونی غازەوە ئەو کارەساتە روویداوە". 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی سەرجەمی قوربانییەکان "27 کەسن، 25یان ئەندامانی یەک بنەماڵەن، دوو قوربانییەکەی دیکە میوانن کە یەکێکیان وەستاکەیە لەگەڵ خێزانەکەی".
 
شەوی پێنجشەممە 17-11-2022، لە خانوویەکی گەڕەکی کازیوە لە سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا؛ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، تەقینەوەکە بەهۆی غازی LPG بووە.