بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە: کاژێر شەشی ئێوارە کۆچبەران دەگەنەوە هەولێر

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، کاژێر 6:15ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانی یەکەمی کۆچبەران لە بیلاڕووسەوە دەگاتە هەولێر.
 
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 6:15ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانی یەکەمی کۆچبەران لە بیلاڕووسەوە دەگاتە هەولێر، کە فڕۆکەکە دەیان کورد و عەرەبی عێراقی هەڵگرتووە و لە هەولێریشەوە دەفڕێت بۆ بەغدا.
 
فڕۆکەکە تایبەتە بە هێڵی ئاسمانی عێراقی و 300 کۆچبەری هەڵگرتووە، سەرنیشنانی نێو فڕۆکەکە، کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقن، کە دوای بێئومێدبوون لەوەی پۆڵەندا سنووری یەکێتیی ئەوروپایان بەسەردا بکاتەوە، بڕیاریانداوە بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە. 
 
حوسێن جەلیل، گوتەبێژی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراق ئامادەیە بۆ دەرچوون، ئینشائەڵڵا بەیانی بەرەو خاکی بێلاڕووس دەردەچێت بۆ گواستنەوەی عێراقییەکان ئەوانەی گیریان خواردووە، گەشتەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەبێت بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مینسک، دواتر بۆ خاکی عێراق، ئەم گەشتە گەشتی یەکەم دەبێت دوای راوەستان، پێش ئەم گەشتە چوار گەشتی دیکە هەبوون کە نزیکەی هەزار عێراقیمان گواستەوە کە لە خاکی بێلاڕووس گیریان خواردبوو".
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە ژمارەی ئەو عێراقییانەی ئارەزوومەندانە ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە لە سنوورەکانی بێلاڕووسەوە بۆ عێراق تۆمارکردووە 325 کەس دەبن و ژمارەکەش لە زیادبووندایە.
 
رۆژی 11ی تشرینی دووەم باڵێۆزخانەی عێراق لە بێلاڕووس رایگەیاند ئامادەیە گەشت بۆ ئەو کۆچبەرە عێراقییانە رێکبخات کە دەیانەوێت لە بێلاڕووسەوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی کارئاسانکاری بۆ ئەو مەبەستە نیشانداوە، پەرلەمانی کوردستانیش بەنیازن لەبارەی دۆخی کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلاڕووس سەردانی چەند وڵاتێک و ئەو کۆچبەرانە بکەن، شاندەکە تاوەکو ئێستا چاوەڕێی رەزامەندی حکومەتی پۆڵەندان.
 
رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند " بڕیارە وەکو خۆمان سەردانی ئەو وڵاتانە بکەین کە هاووڵاتی خۆمانی تێدایە بە تایبەت سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان قسە بکەین، هەروەها لەگەڵ کۆچبەران قسە بکەین و پەیامەکانیان بگەیێنینە لایەنی پەیوەندیدار."
 
بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق، 3000 کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندان کە زیاتر لە 1000 کەسیان خەڵکی باشووری کوردستانن، دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنەکە دەڵێت، رەوشی کۆچبەرانی سەرسنووری خراپە و پۆلیسی بێلاڕووس گوشار لە کۆچبەرە گەنجەکان دەکات بچنە نێو سنووری پۆڵەندا.