کۆچبەرێک: پۆلیسی بێلاڕووس لەنێو ئاودا پێی نا بە پشتی کۆچبەرێکدا و خنکاندی
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی کۆچبەران لە بێلاڕووسەوە گەیشتەوە هەولێر کە لەکۆی 431 کۆچبەر، نزیکەی %95 یان خەڵکی هەرێمی کوردستانن. کۆچبەرێک بە رووداوی گوت، ژیانیان زۆر ناخۆش بووە، گوتیشی گەنجەکان "لێرە نان و ئاو بخۆن، مەچن بۆ ئەوروپا." کۆچبەرێکی دیکەش باسی لەوە کرد، پۆلیسی بێلاڕووس پێی لەسەر پشتی خەڵک لەنێو ئاودا داناوە تاوەکو خنکاوە.
کۆچبەران لەکاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر باسی دۆخی سەختی ژیانیان لەسەر سنووری بێلاڕووس- پۆڵەندا کرد. کۆچبەرێک بە رووداوی گوت، چیرۆکی زۆر دڵتەزێنی بەچاوی خۆی بینیوە، "دایک و باوک هەبوون منداڵە هەشت ساڵانەکەیان جێهێشتووە، پۆلیسی پۆڵەندا پێی خستووەتە سەر پشتی نەفەر تاوەکو خنکاوە."
سەرما، نەبوونی نان و ئاو و ئاسایش لەو سەرسنوورە کێشەکانی ئەو کۆچبەرانەبوون کە لەکاتی گەڕانەوەیان باسیان دەکرد. کۆچبەرێک گوتی، "کوڕێک کە خێزانی خۆی لەگەڵ بووە، دایکی نەیتوانیوە، دایکی بەجێهێشتووە، ئێمە بە چەند کەسێک دایکەکەمان بردووە." ئەو گوتیشی، کۆچبەرەکان "هەموو رۆژێکیان مردنە."
ئەو کۆچبەرە باسی لەوە کرد، بەهۆی نەبوونی خۆراک و خواردنەوە، لە چاڵە ئاوی پاشماوەی توالێتدا ئاویان خواردووە و گیایان خواردووە. لەبارەی ئەو پارەیەی کە خەرجیان کردووە، گوتی، تاوەکو بێلاڕووس لە سێ هەزار و 900 دۆلارەوە تاوەکو 4400 دۆلاربووە. لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا تاوەکو 8000 دۆلاری ویستووە.
بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکەدا کرد، بەشێکیان خۆشحاڵ بوون کە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان. کۆچبەرێکی خەڵکی زاخۆ کە لەگەڵ هاوژینەکەی کۆچی کردبوو بە رووداوی گوت، "زۆرمان پێخۆشە هاتووینەتەوە، لەوێ زۆر ماندووبووین، حکومەتی بێلاڕووس هیچ مافێکی مرۆڤی لەلا نییە."