کچێکی بێباوک 5%ی گورچیلەکانی کاردەکەن و هەشت ساڵە دەناڵێنێت

18-11-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن نەخۆشیی گورچیلە
A+ A-
رووداو دیجتاڵ

نەورۆز ئەبوبەکر کچێکی تەمەن 27 ساڵانە کە ماوەی هەشت ساڵە بەدەست ئازاری گورچیلەوە دەناڵێنێت، لە نۆ مانگی کۆتایی ئەمساڵدا هەفتەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر گورچیلەی دەشۆردرێت.


نەورۆز دانیشتووی شارۆچکەی بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، ئەو لەبارەی نەخۆشییەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پزیشکەکان پێیان گوتووە تەنیا 5%ـی گورچیلەکانی کاردەکەن و "پێویستە بەزووترین کات نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە بکات".

نزیکەی 10 ساڵە نەورۆز باوکی لەدەستداوە، ئێستا لەگەڵ دایک، دوو برا و خوشکێکی دەژی. لەبارەی باری داراییانەوە نەورۆز دەڵێت، "هیچ سەرچاوەیەکی داهاتمان نییە، بەڵام هەندێکجار خەڵک هاوکاریمان دەکەن".

دکتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان رۆژبەیانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە لەبارەی نەخۆشییەکەی نەورۆز دەڵێت، ماوەی هەشت ساڵە نەورۆز بەدەست نەخۆشیی گورچیلە دەناڵێنێت و بەردەوام سەردانی نەخۆشخانە دەکات، ئێستاش نەخۆشییەکەی چووەتە دۆخێکی مەترسیدار و پێویستی بە چاندنی گورچیلەیە.

ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی پەککەوتنی گورچیلەیان هەیە دەتوانن لە کەسە نزیکەکانیانەوە گورچیلە وەربگرن، بەڵام خوشک و دوو براکەی نەورۆز جۆری خوێنیان لەگەڵ خوێنی ناگونجێت و ناتوانن گورچیلەی پێ ببەخشن، دایکی نەورۆزیش بەهۆی بەتەمەنییەوە ناتوانێت گورچیلە بداتە کچەکەی.

لەبارەی نەشتەرگەرییەکەشی نەورۆز دەڵێت، ئەوان لە خانوویەکی کرێدا دەژین و پارەی پێویستیان نییە بۆ نەشتەرگەریی گورچیلە، چونکە تێچووی نەشتەرگەرییەکە بۆ ئەوان زۆرە.

لەبارەی تێچووی نەشتەرگەرییەکەوە دکتۆر دڵشاد دەڵێت، "نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە بە تەنها جگە لە پێداویستییەکانی دیکە نزیکەی 30 هەزار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام پێویست بە چوونە دەرەوەی وڵات ناکات، چونکە دەتوانن نەشتەرگەرییەکە لە هەرێمی کوردستان بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە