پارتی، یەكێتی و گۆڕان كۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند بڕیارە هەریەك لە پارتی، یەكێتی و گۆڕان لە ئاستێكی باڵادا كۆببنەوە و كۆبوونەوەكەش تایبەت دەبێت بە پرسی لامەركەزی.
شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بڕیارە هەریەك لە پارتی، یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پرسێكی گرنگ كۆببنەوە: "كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە پرسی لامەركەزی بۆ هەموو كوردستان نەك بە تەنیا پارێزگایەك".
ئەندامەكەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش كرد كۆبوونەوەكە لە ئاستێكی باڵادا دەبێت، بەڵام كات و شوێنەكەی یەكلایی نەكراوەتەوە و گوتی: "هەر سێ لایەنەكە ئامادەییان بۆ كۆبوونەوەكە نیشانداوە".
پێشتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان، داواكردنی پرسی لامەركەزی پارێزگاكان بە تایبەت لە سلێمانی كردبووە كاری لە پێشینەی خۆی، بۆ دروستكردنی هاودەنگییەكەیش لەسەر ئەو پرسە، سەردانی بەشێك لە حیزبەكانی كوردستانی كردبوو.
هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگاش لێژنەیەکی پێکهێنا بۆ ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ پرۆژەی لامەرکەزیی ئیداری و دارایی پارێزگای سلێمانی، لێژنەکە دوای ئەوەی سەردانی سەرجەم قەزاکانی پارێزگاکەی کرد، رەشنووسەکەی ئامادەکرد.