رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوو سکاڵا لە دوو بنکەی هەولێر تۆمارکراون، بەڵام نێوەڕۆکی سکاڵاکان جارێ نازانن، چونکە خراونەتە نێو سندووقی تایبەت بە سکاڵا.
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند "تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو سکاڵا لە سنووری پارێزگای هەولێر لەسەر پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت تۆمارکراون، کە یەکێکیان لە بنکەی قوتابخانەی ئەحمەدی خانی و ئەوەی دیکەش لە بنکەی قوتابخانەی گەل تۆمارکراون."
گوتیشی: "جارێ نازانین نێوەڕۆکی ئەو دوو سکاڵایە چییە، چونکە لەنێو سندووقی تایبەت بە سکاڵاکان دانراوە و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان سەرجەم سکاڵاکان کۆدەکرێنەوە و لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت."
سەبارەت بە دوایین رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "کاژێر شەشی ئێوارە پاش کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان، رێژەی کۆتایی بەشدارییکردنی دەنگدەران بڵاودەکەینەوە."
کاژێر 07:00ـی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام بێت.
کاژێر 01:00ـی ئەمڕۆ، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەڤانیدا رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت لە دهۆک 77٪، هەولێر 70٪، سلێمانی 67٪، هەڵەبجە 64٪ و بە کۆی گشتی گەیشتووەتە 70٪.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 215 هەزار و 960 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ