زیاتر لە 50%ى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمی کوردستان تەواو کرا

18-10-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى بینا و باڵەخانەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتە زیاتر لە 50%، زۆرترینى ئەو هەنگاوە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە کراوە.
 
بەگوێرەى ئەو داتایەى کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، تاوەکو 17ى تشرینى یەکەم، رێژەى تەواوکردنى قۆناخى گەمارۆسازی و ژمارەدان لە هەرێمی کوردستان  گەیشتووەتە 54%.
 
لەو رێژەیە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە، کە پێکەوە پرۆسەکەى تێدا دەکرێت، 59%ى تەواو بووە. پارێزگاى دهۆک 51% و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان 49%ى ئەو پرۆسەیەى تەواو کردووە.
 
پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، لە 1ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکردووە، کە بریتییە لە پۆڵێن و تۆمارکردنى بینا و باڵەخانەکان، تۆمارکردنى ناوى سەرۆکى خێزان، ئەوە هەنگاوى بەر لە ئەنجامدانى سەرژمێریی گشتى دانیشتوانە، کە بڕیارە لە 20ى تشرینى دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
 
بەگوێرەى ئەو داتایەى رووداو دەستى کەوتووە، بۆ تەواوکردنى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان، هەولێر پێویستى بە 37 رۆژى دیکەیە، دهۆک 35 رۆژ و سلێمانى و هەڵەبجە پێکەوە بە 30 رۆژى دیکە تەواوى پرۆسەکە تەواو دەکەن.
 
لەو رووپێویەدا کە گەیشتووەتە 54٪، ژمارەى بینا و باڵەخانەکانى هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 726 هەزار و 423، لەکاتێکدا پێشتر وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە 1.6 ملیۆن مەزەندەى کردبوو، بەڵام ئامارەکانى هەرێمى کوردستان ئاماژە بە یەک ملیۆن و 917 هەزار باڵەخانە دەدات. بۆیە بە تەواوبوونی تەواوی رووپێویەکە ژمارەی بینا و باڵەخانە لە ئاماری هەردوو وەزارەت زیاتر دەبن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە