سەربەست ئامێدی: کارتی دەنگدان لە نزیک بنکەکان دابەشکراوە و مۆبایلیش براوەتە ژوورەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەڵێت، لە نزیک بنکەکانی هەولێر و دهۆک کارتی بەربژێر دابەشکراوە و وێنەیان هەڵواسراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە سلێمانی و هەڵەبجە مۆبایل براوەتە ژوورەوە.
 
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، میوانی رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو و باسی شێوازی دەنگدان و بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەی شیکردەوە.
 
سەربەست ئامێدی گوتی، "کاژێر 06:00ـی ئێوارە کاتی دەنگدان کۆتایی دێت نە لە کۆمیسیۆن و نە دەرەوەی کۆمیسیۆن کەس ناتوانێت کاتەکە درێژ بکاتەوە".
 
لەبارەی ژمارەی دەنگدەرانی نێو وێستگەکان سەربەست ئامێدی ئاماژەی بەوەکرد، هەر وێستگەیەک نزیکەی 300 دەنگدەری دەبێت؛ "ژمارەکە باشە و قەرەباڵخی دروست نابێت و کەسیش لە دەنگدان بێبەش نابێت".
 
سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە لە رێگەی نوێنەرەکانییەوە چاودێری دەنگدانی تایبەت دەکەن ئاماژەی بە رێکارە تەکنیکییەکانی کۆمیسیۆن کرد و گوتی، "باشن بۆ ئەوەی پێشێلکاری نەکرێت. بەڵام تێبینیشمان هەیە".
 
لەبارەی تێبینییەکانیانەوە سەربەست ئامێدی گوتی، "لە سلێمانی و هەڵەبجە مۆبایل براوەتە ژوورە. هەروەها لە سنووری هەولێر و دهۆک لە دووری کەمتر لە 100 مەتر لە بنکەکانی دەنگدان کارتی بەربژێر دابەشکراوە و وێنەی بەربژێرەکان دانراون".
 
سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خاڵانەی جێگەی تێبینییان بووە، نابێتە هۆکاری "گۆڕانی ئەنجامی دەنگەکان".
 
تۆڕی چاو بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ تاوەکو کۆتاییهاتنی دەنگدانی ئەمڕۆ، سێ راپۆرت لەسەر شێوازی دەنگدانەکە دەنووسن و دواتر دەیدەنە کۆمیسیۆن و بڵاوی دەکەنەوە.
 
بەگوتەی سەربەست ئامێدی، تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارە و بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی دەنگدان، دەنگدەر نامێنێت و هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەنگ دەدەن. گوتیشی، "گرنگە پڕۆسەی ژماردنی دەنگەکانیش بەم شێوەیە بەباشی بەڕێوەبچێت، ئەمەش وێنەیەکی باش دەبێت بۆ دەنگدانی گشتی".
 
سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ باسی لەوەشکرد، تاوەکو کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ و دوای سێ کاژێر لە دەنگدان، لە سنووری هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەش "هیچ بردنە ژوورەوەیەکی چەک بۆ وێستگەکانی دەنگدان تۆمار نەکراوە".
 
دەنگدانی کەسێک چەند کاتی دەوێت؟
 
سەربەست ئامێدی لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بە کاتی دەنگدانی هەر کەسێک کرد و گوتی، ئەگەر کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆر نەبێت هەر دەنگدەرێت دوو خولەک زیاتری ناوێت بۆ دەنگدان.
 
سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوانە کرد کە دەڵێن زیاتر لە حەوت خولەک کاتیان پێویست بووە بۆ دەنگدان و گوتی، "دوو هۆکار هەن؛ یەکەم ئەوانەن لە کاتی تۆماری دەنگدەران پەنجیەیان نەخوێندراوەتەوە و کاتی دەوێت بۆ جارەسەر. دووەمیش ئەوانەن کارتیان کێشەی هەیە و (کیو ئاڕی) وەردەگرن و رێگەی دەنگدانی پێدەدەن".
 
لە دەنگدانی تایبەتدا کە کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دەرگای بنکەکانی دەنگدان کرایەوە و تاوەکو 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، 215 هەزار و 960 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە دەکاتە 7.4٪ـی کۆی دەنگدەران.
 
دەنگدەرانی تایبەت بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن:
 
هەولێر؛ 89 هەزار و 791 دەنگدەر  لە 62 بنکە دەنگ دەدەن
سلێمانی و هەڵەبجە؛ 78 هەزار و 661 دەنگدەر لە 32 بنکە دەنگ دەدەن.
دهۆک؛ 40 هەزار و 956 دەنگدەر لە 30 بنکە دەنگ دەدەن.
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 20ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی گشتیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.