لە حەوت مانگدا لە ورمێ دەست بەسەر پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە سەرەتای نەورۆزەوە دەست بەسەر پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە، گوتیشی: ''لە چوارچێوەی نەهێشتنی تاواندا دەستمان بەسەر زیاتر لە هەزار ملیار تمەن دارایی و کەلوپەلی قاچاخچییاندا گرتووە.''
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـوە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادەی هۆشبەر و هاوکاریی نێوان تیمەکانی پۆلیس و دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە، دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە.
 
ناسر عەتەباتی بە ئامانجگرتنی دارایی قاچاخچییان وەکو یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی تاوان دەزانێت و گوتی: ''تاوەکو ئێستا بە بەهای زیاتر لە هەزار ملیار تمەن دەست بەسەر کەلوپەلی قاچاخچییاندا گیراوە.''
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە ئەوەشی خستەڕوو، خەڵک گلەیی لە خولانەوەی ئاڵوودەبووان لەسەر شەقام و نێو بازاڕەکاندا دەکەن، ''هەروەها دانیشتووان لە هەبوونی هەندێک شوێن بۆ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر زۆر دڵگرانن، دەبێ ئەو شوێنانە دەستنیشان بکرێن و ئاڵوودەبووان بخرێنە کەمپەکانی چاکسازییەوە.''
 
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و، بەگشتیش ساڵانە لە پارێزگەکەدا دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە