ورمێ لە شەش مانگدا زیاتر لە یەک ملیار و 451 ملیۆن دۆلار هەناردەی هەبووە

18-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
هەولێر دیجیتاڵ

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دامەزراوەی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای ورمێ، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و 451 ملیۆن دۆلار کەلوپەل و پێداویستی هەناردەی دەرەوەی ئێران کراون؛ هەروەها لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە بەهای زیاتر لە 505 ملیۆن دۆلار شتومەک هاوردە کراون.
 
عەبدولحەمید سەرتیپی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 3 ملیۆن و 981 هەزار تۆن کەلوپەل و پێداویستی بە بەهای یەک ملیار و 451 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە.
 
عەبدولحەمید سەرتیپی گوتی، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێوە لەڕووی کێشەوە بە رێژەی 41% و لەڕووی بەهاوە بە رێژەی 63% زیادی کردووە.
 
ئەو بەرپرسەی پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازەی سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ هەناردە کراون بریتین لە "بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، بەرهەمە نەوتییەکان، کانزاکان، بەرهەمە پیشەسازییەکان، کەرەستەی بیناسازی، مافوور و بەرهەمی پیشە دەستییەکان."
 
بە گوتەی عەبدولحەمید سەرتیپی، ئەو بەرهەمانە زیاتر هەناردەی "ئەڵمانیا، کەنەدا، تورکیا، عێراق، رووسیا، ئیمارات، چین، بێلارووس، قەتەر، ئازەربایجان، سربیا، ئەفغانستان و هیندستان کراون."
 
سەبارەت بە هاوردەکردنیش، بەڕێوەبەری دامەزراوەی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 266 هەزار تۆن کەلوپەل و پێداویستی بە بەهای زیاتر لە 505 ملیۆن و 482 هەزار دۆلار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێوە هاوردەی ئێران کراوە.
 
عەبدولحەمید سەرتیپی ئەوەشی خستەڕوو، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازەی سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ هاوردە کراون، بریتین لە "پارچەی یەدەگی پیشەسازی، تایە، قوماش و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان."
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان شەش دەروازەی سنووری هەن کە سێ دانەیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان؛ دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پولدەشت) لەگەڵ ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین - حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێش لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە