دیندار زێباری: لە رزگارکردنی قەزای شنگال زیاتر لە 500 پێشمەرگە شەهید بوون

رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند تاوەکو رۆژی 15ـی ئایاری ئەم ساڵ سێ هەزار و 562 کوردی ئێزدی رزگارکراون و پاڵپشتی دەروونی پێشکێشی زیاتر هەزار و  546 رزگارکراوە، دەشڵێت، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یونیتاد سێ هەزار و 950 بەڵگەنامەیان لەسەر تاوانەکانی داعشمان ئەرشیفکردووە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-10-2023، لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆنیۆمێنتی جینۆسایدی شەهیدانی کوردانی ئێزدی لە قەزای شنگال، د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی بەناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکێش کرد و رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە خاوەنی ئێزیدییەکان زانیوە و پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە ئازادکردنی ناوچەکانیان زیاتر لە 500 پێشمەرگە شەهید بوون."
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵیدا ئێزیدی و هەموو پێکهاتە ئایینی و تائیفی و نەتەوەییەکان بە ئازادی و رێزەوە بژین و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان و ناوچەکانیان رزگار بکرێت و ئاوەدان بکرێتەوە و دانیشتووانی ئەم ناوچانە قەرەبوو بکرێنەوە، ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە، لە هەمان کاتدا تیرۆریستان لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن و قوربانیان و کەسوکاریان قەرەبوو بکرێنەوە."
 
دیندار زێباری لە گوتارەکەیدا چەند ئامارێکی ئاشکرا کرد و گوتی، " لەدۆکیۆمێنت و ئامادەکردنی دۆسیەی تاوانەکانی داعش تائێستا پێنج هەزار و 170  کەیس تۆمارکراون، زیاتر لە دوو هەزار و 324  کەیس تەواو بوون. تاوەکو 15ـی ئایاری 2023، توانراوە سێ هەزار و 562 کەس رزگاربکرێن، لەوانە هەزار و 215 ئافرەت، 339 پیاو، هەزار و 51 کچ، 956 کوڕ. پاڵپشتی دەروونیش پێشکەشی زیاتر لە هەزار و 546 کەس کراوە."
 
لەبارەی رێککەوتنی شنگالیشەوە، کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە واژۆکراوە و تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، د.دیندار زێباری، گوتی، "پێویستە رێککەوتنی شنگال کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە سەرپەرشتی (UN) واژۆ کراوە جێبەجێ بکرێت، چونکە باشترین چارەسەر بۆ ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی پەنابەران، لەم رووەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی یۆنامی هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ."
 
رۆژی چوارشەممە، (18-10-2023)، پاش دوو ساڵ کارکردن تێیدا، مۆنۆمێنتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کرایەوە. مۆنۆمێنتەکە لە شوێنێک دروستکراوە پێیدەڵێن، "گۆڕی دایکان" لە کاتی داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە ژمارەیەکی زۆر ژنی بەتەمەن لەو شوێنەدا کوژراون. 
 
مۆنۆمێنتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، لەلایەن دامەزراوەی دەستپێشخەریی نادیە و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە عێراق و بە پاڵپشتی ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی USAID دروستکراوە.
 
ئامانج لە دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە، بەبیرهێنانەوەی بەردەوامی جینۆسایدی کوردانی ئێزدییە بەدەستی داعش لەگەڵ ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەریاندا هاتووە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.