لە نۆ مانگدا 1711 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمارکراون؛ 15 کەس گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، لە ساڵی 2023، هەزار و 711 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی جیاواز تۆمارکراون کە زۆرترینیان سووتانی پووش و پاوان بوون پاشان سووتانی ماڵ و بە پلەی سێیەمیش رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل بوون.
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-10-2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئامارەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی 9 مانگی ئەمساڵی خستەڕوو و رایگەیاند، "زیانە مادییەکانی سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بە یەک ملیار و 568 ملیۆن و 750 هەزار دینار مەزەندە دەکرێت."
بەگوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کەرتی تایبەت و گشتیش دەگرێتەوە، کە بەشێکیان دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنترۆڵکراون. بەشێک لە ئاگرەکان وەکو ئاگری پووش و پاوان بە سێ تاوەکو چوار رۆژیش نەکوژاوەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و 84 کەس بریندار و سووتاون.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، لەرێگەی لیژنەکانیانەوە هەزار و 580 شوێنی کەرتی تایبەت و گشتی پشکنینیان بۆ کراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە مەرجەکانی سەلامەتییان تێدایە و بەو هۆیەوە 245 شوێن مۆڵەتیان لێ وەرگیراوەتەوە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی مەرجەکانی سەلامەتی، دواتر باڵەخانە بێت یان شوێنەکەی هەرچی بێت رادەستی کراوەتەوە.
لادانی 70 بوتڵی گازی ئێڵ پی جی
کاروان میراودەلی دەڵێت، 70 بوتڵی گازی ئێڵ پی جی ـیان لابردووە، "ئێستا لە رێگەی ئێمەوە و بە پسوولەی بەرگریی شارستانی نەبێت، گاز بە کەس نادرێت. ئەوەی دەیەوێت، دەتوانێت لە رێگەی کۆمپانیاکانمانەوە کە پێشتر 28 بوون و ئێستا 15ـن، سیستمی گونجاو هەڵبژێرن."
تایبەت بە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێت، "هەر جێگەیەک مەرجی سەلامەتی تێدا نەبێت، رێگەی کاری پێنادرێت، بەتایبەت هۆڵەکانی ئاهەنگگێران، لەوبارەوە لە دوو هەفتەی رابردوودا لیژنەیەکی باڵامان پێکهێناوە، جێگری پارێزگات سەرۆکی لیژنەکەیە و 25 هۆڵ پشکنراون."
ئاماری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە نۆ مانگی ئەمساڵدا:
رووداوی ئاگرکەوتنەوە: 1711
پووش و پاوان: 573
ماڵ: 298
ئۆتۆمبێل: 266
دارستان و باخچە: 143
بەنزینخانە: 1
باڵەخانە، هوتێل و پێشانگە: 19
فڕن و نانەواخانە: 12
مووەلیدەی کارەبایی: 37
مارکێت و دووکان: 91
کارگەی جۆراوجۆر: 14
کێبڵی کارەبایی و کەرەستەی کارەبایی: 45
گەنم و جۆ: 38
چێشتخانە و کافتریا: 9
پەلەوەرخانە و شوێنی ئاژەڵ: 23
کامپ، خێوەت و کابینەی ئاوارەکان: 29
بەشەناوخۆییەکان: 2
کۆگەی سووتەمەنی: 9
فەرمانگەی میری: 9
سەنتەر، هۆڵ و مۆڵەکان: 1
گەراجی کەرتی تایبەت: 1
دارتاشخانە: 2
شوێنە ئایینییەکان: 2
کۆمپانیا: 6
کۆگە: 27
خنکان: 25
رزگارکراو لە خنکان: 68
هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە:
40٪ شۆرتی کارەبا
گازی شلی ماڵان
هۆکاری نادیار
کەمتەرخەمی، نەبوونی دڵنیایی و مەرجەکانی سەلامەتی
فڕێدانی جگەرە
مادەی شلەمەنی گڕگر (نەوت)
بەنزینی کوالێتی خراپ
رێنوێنی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ هاووڵاتییان:
لەکاتی ئاگرکەوتنەوە و کارەسات، باشترین کاری هاووڵاتی ئەوەیە بە زووترین کات پەیوەندیمان پێوەبکەن.
ژمارەی ژووری کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانی 115-125.
ئاڵۆزنەکردنی سەکۆی رووداوەکە، جێگەکان بەتاڵ بکەن و بچنە شوێنی سەلامەت.
رێگاکردنەوە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی خزمەتگوزاری، (بەرگریی شارستانی، ئەمبیوڵانس، ئەمنی و سەربازی).
هاووڵاتی لە جوگرافیای مەترسی دووربکەوێتەوە.
خاوەنی شوێنەکە رێنوێنمایی تیمەکانمان بکات لەبارەی شوێنەکەی و هەندێک زانیاری بدات کە سوودی هەبێت.