نەرمین مەعرووف: چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەردانی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لیژنەکەیان ئەنجامی باشی دەبێت و راپۆرتێکی وردیان پێشکێش کردووە لەبارەی خەرجی و ژمارەی مووچەخۆران، گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو عێراق 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
 
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح، پێشکێشی دەکات گوتی، لە سەردانەکەی ئەمڕۆیاندا بۆ لیژنەی دارایی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی هەموو پرسیارەکانی حکومەتی عێراقیان داوەتەوە.
 
د. نەرمین مەعرووف دەشڵێت، "سەردانی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر سوودبەخش بوو، ئەنجامی باشی دەبێت و بەمنزیکانە گرفتە داراییەکان چارەسەر دەکرێن."
 
ئەمڕۆ 18ـی تشرینى یەکەمى 2023، هەردوو وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بوون، بۆ تاوتوێکردنى پرسی پشکى هەرێمى کوردستان و خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى و رادەستکردنى داهاتەکان.
 
لەبارەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەکە، د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی و بەشداربووی کۆبوونەوەکە زانیاریی ئاشکراکرد و گوتی، "هەرێمی کوردستان تەواوی ئەو زانیارییانەی کە لێی داواکرابوون بە وردی بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراقی ئامادەی کردووە و ئێستا هیچ شتێکی ناڕوون نەماوە و هەمووان بەرچاو ڕوونییان هەیە.
 
گوتیشی، "هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ناردنی پشکێکی دیکەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان نییە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا 700 ملیار دینار دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان."
 
هەر ئەمڕۆ 18ـی تشرینى یەکەمى 2023، عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە بارەى کۆبوونەوەى لیژنەکەى لەگەڵ وەزیرانى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ، کۆبوونەوەیەکى گرنگ و مێژوویی بوو، کە بۆ یەکەمجارە لیژنەى دارایی رابسپێردرێت بۆ بەدواداچوونى دۆسیەیەکى هەستیار، کە چارەسەرکردنى چەندین ساڵ دواکەوت." 
 
هاوکات ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-10-2023) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند، ''تا رادەیەکی زۆر لێک تێگەیشتنی هاوبەشمان لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچەی مووچەخۆران و جیاکردنەوەی لە خەرجیی کردەیی و دوورخستنەوەی لە کێشە سیاسییەکان هەبوو.''
 
رۆژی 14ـی ئەیلوول، شاندێک بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، سەردانی بەغدایان کرد. پاشان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بنێرێت. تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق لەو بڕە پارەیە 700 ملیۆن دیناری ناردووە.