پەرلەمانی ئەڵمانیا درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت مانەوەی سوپای وڵاتەکەی درێژ بکاتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە پشتگیریی پەرلەمانی وڵاتەکەیەتی.
 
پیتەر هایت، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانی رایگەیاند، "زۆر گرنگە و دەمانەوێت پەیامێک بنێرین، وەکو هەمیشە، کە بەرژەوەندییەکی گەورەمان لە گەشەی ئاشتییانەی عێراقدا هەیە. دەمانەوێت پشتگیریی عێراق بکەین و دڵنیابین لەوەی ئارامی لەوێ بەرقەرارە. راهێنانی پێشمەرگە شتێک بووە هەمیشە لای ئێمە جێگەیەکی گرنگی هەبووە و بۆ ئەوەش کارمان کردووە."
 
13ی ئەیلوولی 2023 حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ یەک ساڵی دیکە درێژ بکاتەوە.
 
سوپای ئەڵمانیا لە ساڵی 2014وە ئەندامی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە. ئەو وڵاتە نزیکەی 250 راوێژکاری سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە. ئەرکەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا جیاوازن؛ وەکو راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق؛ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؛ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەبارەی جموجووڵەکانی داعش و پێدانی ئەو زانیارییە بە پێشمەرگە و سوپای عێراق؛ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
 
پارتەکانی سۆسیال دیموکرات، سەوزەکان و دیموکراتی ئازاد پێکهێنەری حکومەتی ئەڵمانیان و 416 کورسیان لە 736 کورسییەکەی پەرلەمان هەیە؛ هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت درێژکردنەوەکە پەسند بکرێت.
 
ماری ئاگنێس ستراک زیمەرمان، سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ساڵانێکی زۆرە لەوێین. لەو کاتەوە بە سەرکەوتوویی لە باکووری عێراق مەشق و راهێنانمان بە پێشمەرگە کردووە. ئەوان زۆر ئازایانە دژی داعش سەرکەوتووانە شەڕیان کرد. بۆیە زۆر گرنگە هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق بەردەوام چالاک بن."
 
پڕۆژەی درێژکردنەوەی ئەرکەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەڵمانیاوە ئامادە کراوە؛ ئاماژە بەوە کراوە، هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبن بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونەوەی داعش؛ هەروەها پشتیوانی ئاشتەوایی عێراق دەکەن.