پۆلیسی هەولێر: لەسەر کۆبوونەوەی قەرز لەسەری گەنجێک برایەکی دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، گەنجێک لە کەسنەزان برایەکی خۆی دەکوژێت لەسەر کۆبوونەوەی قەرزی خەڵک لەسەری و نەدانەوەی. 
 
رۆژی سێشەممە 18-10-2022، لە گەڕەکی کەمئەندامانی ناحیەی کەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر کوڕێک برایەکی خۆی کوشتووە. هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو کەسەی کوژراوە لەلایەن براکەیەوە ناوی "ر. ج"ـە و تەمەنی 27 ساڵە. 
 
لەبارەی هۆکاری روودانی رووداوەکەوە، هۆگر عەزیز دەڵێت، "براکەی لەسەر وەرگرتنی پارە لە خەڵک و کۆبوونەوەی قەرز و نەدانەوەی کوشتوویەتی."
 
وەک گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "تۆمەتبارەکە رایکردووە" و تیمەکانی بەڵگەی تاوان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە. 
 
هۆگر عەزیز باسی لەوەش کرد، تۆمەتبارەکە پیشەی پاسەوانە.. کوژراوەکە 500 هەزار دۆلار [50 دەفتەر دۆلار] قەرزداربووە. دەشڵێت، تۆمەتباری رووداوەکە کە برا گەورەی کوژراوەکەیە بۆ دانەوەی قەرزی براکەی پێشتر خانوو و ئۆتۆمبێلەکەشی فرۆشتبوو.