خوێندنی باڵا: داوامان لە حکومەت کردووە پرسی دەرماڵە بە یاسایی بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، داوایان لە حکومەت کردووە پرسی دەرماڵە بە یاسایی بکرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، خۆپێشاندان بکرێت و نەکرێت ئەوان داوای دەرماڵە بۆ خوێندکاران دەکەن.
 
ماوەی دوو رۆژە گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەردەوامە. ئەمڕۆ بۆ ماوەی سێ کاژێر رێگەی سەرەکیی نێوان سلێمانی و تاسڵوجەیان داخست. خوێندکاران داوای جێگیرکردنی دەرماڵەی مانگانە دەکەن کە بڕەکەی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار 60 هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی نێوشار 40 هەزار دینارە. 
 
رۆژی سێشەممە، 18-10-2022، توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی میوانی بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 8ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات.
 
بە گوتەی توانا نەجەف، "بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دەرماڵە بۆ ماوەی شەش مانگ بوو تاوەکو کۆتایی ساڵی خوێندنی 2021-2022. بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023، وەزیری خوێندنی باڵا رایسپاردین کە بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023ش کار لەسەر ئەو بابەتە بکەین. لە کۆتایی مانگی شەش نووسراومان کرد بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی رەزامەندییە داراییەکە نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵیش ئەو حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینارە بەردەوام بێت تاوەکو دەکرێتە یاسا".
 
توانا نەجەف ئاماژە بەوە دەدات کە: "دوو سێ مانگ لەمەوپێش بەبێ ئەوەی خۆپێشاندان بکرێت، بێ ئەوەی کەس پێمان بڵێت لەگەڵ وەزیر دیسان نووسراومان کردەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی ئەو بابەتە بە یاسایی بکرێت لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بنێردرێت بۆ پەرلەمان و تاوەکو ساڵانە ئەو بابەتە دووبارە نەبێتەوە".
 
دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە نێوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان، ئەنجوومەنی وەزیران لە 07-12-2021 بڕیاریدا بە راسپاردانی (وەزیری دارایی و ئابووری) بۆ تەرخانکردن و خەرجکردنی پاڵپشتییەکی دارایی بۆ (وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) وەک پێشینەی مانگانە بە بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتی قوتابییان و خوێندکاران و چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.
 
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵی خوێندنی رابردوو، مانگانە بڕی 40 هەزار دینار دەدرایە قوتابییانی ناوەوەی شار و 60 هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شار.
 
بەڵام وەک بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، ئەوان پڕۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووە و تێیدا داوایانکردووە ئەو بڕە پارەیە زیاد بکرێت بە جۆرێک "100 هەزار بۆ خوێندکارانی ناوشار و 150 هەزاریش بۆ دەرەوەی شارەکان بێت".
 
توانا نەجەف پەیامێکیشی ئاراستەی خۆپێشاندەران کرد و گوتی: "ئەم بەڕێزانە خۆپێشاندان بکەن و نەکەن، ئەوە ئەرکی خۆمانە و جێبەجێی دەکەین؛ بەردەوام لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵ دەبین. نە خۆپێشاندان کراوە نە ناڕەزایەتی هەبووە و نە ساڵی نوێی خوێندنیش دەستیپێکردووە، ئێمە نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوان خۆپێشاندان بکەن و نەکەن ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین".