فرۆشیارێکی ئۆتۆمبێل لە زاخۆ: کەسێک بە فێڵ 48 هەزار دۆلاری لێ بردم


رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لە زاخۆ کە لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل کار دەکات دەڵێت، لە مانگی دووی ئەمساڵەوە ئۆتۆمبێلێکی بە بەهای 48 هەزار دۆلار داوەتە کەسێک، بەڵام بەگوتەی خۆی، نە پارەکەی بۆ گەڕاندووەتەوە و نە ئۆتۆمبێلەکەیش. ئەوە لە کاتێکدایە بە گوتەی خاوەن پێشانگەکان، ماوەیەکە "فێڵی لەوشێوەیە" لەنێو پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل زیادی کردووە.
 
دڵشاد جەعفەر، یەکێک لە زیانبەرکەوتووانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مۆنیکایەکم دابوو بە هاوڕێیەکم لە بەرامبەر ئەوە خانووەکەی کردبوو بە 'رەهن'. گرێبەست [سەنەد]ـی خانووەکەی خستبووە سەر ناوی من کە من بتوانم مامەڵەی لەگەڵدا بکەم، بەڵام کە گەیشتە کاتی پارەدانەوەکە، پارەکەی نەدامەوە. چووم سکاڵام کرد، بەڵام سکاڵاکەم هیچ ئەنجامی نەبوو و خانووەکە بۆ هاوژین و منداڵەکانی مایەوە."
 
بەگوتەی خاوەن پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، نزیکەی شەش مانگە "ئەو جۆرە فێڵە" لەنێو پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە زاخۆ سەریهەڵداوە کە 80٪ـی بەهۆی قەرزەوەیە.
 
حەجی عەلی، خاوەن پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل لە زاخۆ باس لەوە دەکات، "زۆرینەیان دێن و بە قەرز دەیبەن، دوای ئەوە دەبێتە فێڵ و پارە نییە و خەڵک ئیشی نییە، ئەگەر راست و دروستیش بێت، بەڵام دواتر شەرمەزار دەبێت و پارە و ئیشی نییە، ناچارە درۆ بکات."
 
مەسعود ئەحمەد، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل گوتی، "حاڵەتێک لە پێشانگەی ئێمە دروست بوو، کۆپییەکی لە سەنەوی لای خۆی دانابوو و گوتی ئەسڵییەکە لە شوێنێک جێم هێشتووە [بەو کۆپییە ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە]، دوای ئەوە لێکۆڵینەوەیان کرد و گوتیان کاکە ئۆتۆمبێلەکەمان لە بەرامبەر خانوو پێداون، بەڵام دواتر کەیسەکە چووە دادگە و بڕیارە ئەمڕۆ دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەی بگیرێت."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمساڵ هەشت کەیسی لەو جۆرە لەنێو پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە زاخۆ روویداوە. پارێزەرێک دەڵێت، زۆرینەی سکاڵاکان قەرەبووکردنەوەیە و بەشێکیشیان دەستگیرکردنە کە ماوەکەی لە چوار مانگ زیاتر نەبێت.
 
مەسعود سلێڤانەیی، پارێزەرە و دەڵێت، "سەرەتای نییەتی ئەم کارە تاوانکارییە، بۆیە واباشە خاوەنی کەیسەکە سەردانی دادگەی لێکۆڵینەوە بکات و سکاڵایەک لەسەر ئەو کەسە تۆمار بکات و دادوەری لێکۆڵەر بە دروستی بچێتە نێو وردەکاریی کەیسەکەوە."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دادی زاخۆ، نزیکەی 30 کەسی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە دادگە تۆمار کراون.