خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی داوا دەکەن بە یاسا دەرماڵەی مانگانەیان جێگیر بکرێت

18-10-2022
پێشەوا بەختیار
 گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی. وێنە: رووداو
گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ دووەمین رۆژ گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو؛ داوا دەکەن دەرماڵەیان بۆ جێگیر بکرێت و مانگانە پێیان بدرێت، کە بڕەکەی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار 60 هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی نێوشار 40 هەزار دینارە. خوێندکاران رۆژی سێشەمە لە کاژێر 10:30 خولەکی بەیانی بۆ نزیکەی کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆ شا رێی نێوان سلێمانی - تاسڵوجەیان داخست.
 
عەبدولرەزاق حوسێن، خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانییە کە بەشداریی گردبوونەوەکەی کردووە و دەڵێت، "خوێندکاری داخلی هەیە لە رووی نایەت کیفەکەی دەربکات لەبەر ئەوەی پارە لەگیرفانیدا نییە." 
 
شەن بێستوون، خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی سلێمانییە و دەڵێت، "یەک کەس بەدەممانەوە نەهاتووە، مامۆستاکانمان ساردمان دەکەنەوە و دەڵێن، سوودی نییە و نمرەمان لێ دەشکێنن و بە نەهاتوو لە وانەکان ناومان تۆمار دەکەن. 
 
ساڵی رابردوو، خوێندکارانی زانکۆ بۆ پێدانی دەرماڵە خۆپێشاندانیان کرد و بڕیاردرا تەنیا بۆ خوێندنی ساڵی 2021 بۆ 2022 دەرماڵەیان پێبدرێت، هەرچەندە 15ی ئەم مانگە، بڕە پارەی مانگی شەشیان پێدرا، بەڵام خوێندکاران ترسیان لەوە هەیە، ئەوە دوایین دەرماڵە بێت.
 
لە یەکەم رۆژی گردبوونەوەکەیان، هێرشکردنەسەر شۆفێرێک کاردانەوەی بەدوادا هات؛ خوێندکاران دەڵێن، هەرچەندە کارەکە "نەشیاو" بووە، بەڵام ناکرێت هەموو خوێندکارێک تۆمەتبار بکرێت.
 
بڕیار جەلال، بەشدارێکی دیکەی گردبوونەوەکە بوو و گوتی: "دەڵێن خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە شۆفێرێکیان داوە، ئەوە وانییە گشتاندنی بۆ مەکەن یان چەند کەسێک خەریکی وەرزشکردنە لەسەر شەقامەکە ئەوانە چەند کەسێکن هەموو خوێندکاران نین، بۆیە دەبێت بێین سەیری ئێمە بکەن بۆ شەڕ نەهاتوین هاتووین داوای مافی خۆمان دەکەین." 
 
جگە لە کێشەی دەرماڵە کێشەی دابەزینی کۆنمرەی وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان گرفتێکی دیکەی خوێندکارانە. هەرچەندە دوو رۆژە خۆپێشاندان دەکەن، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە. بەرپرسانی زانکۆی سلێمانیش دەڵێن، "ئەوەی لەسەر ئێمەیە بەرزکردنەوەی داوای خوێندکارانە، دابینکردنی پارەش لە ئەستۆی وەزارەتی داراییە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە