د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد تووشی کۆرۆنا بوو


رووداو دیجیتاڵ 

کەسوکاری د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، گوتاربێژی مزگەوتی بەهەشت لە سلێمانی رایدەگەیێنن، د. عەبدوللەتیف تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و تەندروستیی باشە. 
 
لە راگەیێندراوێکدا، کەسوکاری ئەو مامۆستا ئایینییە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-10-2020 بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن، دوای ئەوەی د. عەبدولـلەتیف نەخۆشکەوتووە و پشکنینیان بۆ کردووە، "دەرکەوتووە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە".

د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد لە ساڵی 1969 لەدایكبووە و بە "رێبەری سەلەفییەكان لە کوردستان" دەناسرێت. ئەو لە شاری بەغدا زانكۆی تەواوكردووە‌ و لە زانكۆی شاری تكریتیش ماستەر ‌و دكتۆرای بەدەستهێناوە، هەروەها دکتۆرایەکی دیکەشی لە سعودیە بەدەستهێناوە و ئێستاش لە مزگەوتی بەهەشتی شاری سلێمانی پێشنوێژ ‌و وتارخوێنە.  بە یەکێکیش لەو مامۆستا ئایینییانە ناسراوە شوێنكەوتووێكی زۆری هەیە و خەڵكێكی زۆر ئامۆژگاری لێوەردەگرن.

کەسوکاری د. عەبدولـلەتیف داوا لە خەڵک دەکەن کە دەیانەوێت سەردانی بکەن، سەردانییەکانیان دوابخەن، چونکە "ئێستا گونجاو نییە.. ئەمەش بۆ تەندروستیی هەموو لایەکە و بەجێهێنانی رێنماییە تەندروستییەکانە".

پێشتر، د. سەید ئەحمەد پێنجوێنی سەبارەت بە نەخۆشکەوتنی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد رایگەیاندبوو "برای بەڕێزمان جەنابی دکتۆرعەبدوللـەتیف تووشی نەخۆشی هاتووە، بۆیە وەک مافێکی موسڵمانانە لەسەر براکانی، داوا لەخوای شافی و کافی دەکەین شیفای بۆ بنێرێت و بیکاتە کەفاراتی گوناهەکانی و بەرزبوونەوەی پلەی".

 

کەسوکاری د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد دەڵێن، تووشی کۆرۆنا بووە و تەندروستیی باشە

A post shared by Rudaw (@rudaw) on