بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ ئاگری لە خۆی بەردا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو، لە گرتووخانەی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. 
 
رێکخراوی هەنگاوی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، عادل موکەڕەم، بەندکراوی سیاسی لە گرتووخانەی ورمێ بەیانیی رۆژی یەکشەممە 2020/10/18 لە بەرچاوی دادوەری چاودێریی ورمێ و جێگری بەرپرسی گرتووخانەی ئەو شارە بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی دەزگای داد داخوازییەکانیان پەسندنەکردووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و قاچێکی سووتا. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی هەنگاو، دوای ئەوە عادل موکەڕەم لە لایەن هێزەکانی گرتووخانەکەوە لە سووتان رزگارکرا و بەبێ ئەوەی چارەسەری پزیشکیی بۆ بکرێت، گوێزرایەوە ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەکە.
 
 ئەو بەندکراوە رۆژی 2020/10/04 وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر 10 مانگ راگیرانی لە گرتووخانەی ورمێ، لێوەکانی دووریەوە و مانی لە خواردن گرت، بەڵام دوای 3 رۆژ و لەسەر بنچینەی بەڵێنی بەرپرسانی دەزگای داد و گرتووخانەی ورمێ، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا، کەچی بەڵێنەکە جێبەجێ نەکرا.
 
عادل موکەڕەم ساڵی 2019 چووەتە تورکیا و 10 مانگ پێش ئێستا لەلایەن ئەو وڵاتەوە رادەستی ئێران کراوەتەوە. 
 
ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ئێران بە تاوانی ئەندامبوونی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تاوەکو ئێستاش دادگایی نەکراوە.