ئاگادارییەک لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ ئەو وانەبێژانەی وازیان هێناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردە داوا لەو وانەبێژانە دەکات لە ساڵانی رابردوودا بە هەر هۆکارێک بووە لە کارەکەیان نەماون، فۆرم پڕبکەنەوە و بیدەنە وەزارەت. نوێنەرێکی وانەبێژان دەڵێت، 25ی مانگ دوایین رۆژە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە بە ناونیشانی "وانەبێژانی ساڵانی پێشوو" ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو مامۆستایانەی ساڵانێک خزمەتیان بە وانەبێژی کردووە و دواتر بە هۆکاری جیاواز لە خزمەتی وانەبێژی نەماون، پێویستە فۆرمێکی تایبەت پڕبکەنەوە لە پەروەرەەی قەزاکان و واژۆی مامۆستاکەی لەسەر بێت.
 
بەگوێرەی نووسراوەکە، دەبێت پەروەردەی قەزاکان بە جیاواز لیستی ناوی وانەبێژەکان پڕبکەنەوە و پاشان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی بکەن و دواتر رەوانەی دیوانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
وەزارەتی پەروەردە داوا لە پەروەردەکان دەکات، هەر وانەبێژێکی ساڵانی رابردوو فۆرمەکەی پڕکردەوە، کۆپی نووسراوێکی بەڵگەیی پێبێت کە پێشتر وانەبێژ بووە و لە چی قوتابخانەیەک خزمەتی کردووە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی گوت، ئەو وانەبێژانەی ساڵانی رابردوو بە هەر هۆکارێک لە وانەبێژی نەماون دەتوانن فۆرمەکە پڕبکەنەوە.
 
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی وانەبێژان، ئەو مامۆستایانەی فۆرمەکە پڕدەکەنەوە بۆ خوێندنی ئەم ساڵ ناکرێنە گرێبەست و دامەزراندن بە گرێبەست بۆ ساڵانی دواترە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە گشتاندنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کردووە و هەر مامۆستایەک بیەوێت دەبێت بچێتە سنووری پەروەردەی خۆی و فۆرمەکە پڕبکاتەوە و دوایین رۆژیش 25ـی ئەم مانگەیە.
 
نووسراوەکە لەکاتێکدایە، 25ـی ئابی ئەم ساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست.