شارەزایەکی کەشناسی بۆ رووداو: پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی باران ببارێت

18-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسێک دەڵێت، پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی باران ببارێت و کەشەکە بە تەواوی ببێتە پاییزە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2024، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەورێک لە ئاسمانی دەریای رەشەوە دێتە ئاسمانی کوردستان و بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 20ـی ئەیلوول، باران و هەورە برووسکەی پاییزە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی راپەڕین دەگرێتەوە". 
 
محەممەد کەمال گوتیشی، "شەپۆلەکە لەگەڵ خۆیدا بارستە هەوایەکی فێنک دەهێنێت و بارانبارین لە کاتەکانی بەرەبەیانیی رۆژی هەینی دەستپێدەکات. پلەی گەرماش 4 بۆ 5 پلە دادەبەزێت".
 
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشبینی دەکرێت لە نێوەڕاستی مانگی 11دا بارانی سەرتاسەری پاییزە دەستپێبکات و بارانی پەڵەش لە مانگی 12 بێت". 
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، "پێشبینییەکان بەو جۆرەن کە پێناچێت پاییزی ئەم ساڵ باراناوی بێت، بەڵام زستان و بەهار باراناوی دەبن و پێشبینی بارینی بڕێکی زۆر باشی باران دەکرێت لەو دوو وەرزەدا".
 
بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، سبەی پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پاشان دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور.
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن:
 
هەولێر؛ 34 پلەى سیلیزى
سلێمانی؛ 33 پلەى سیلیزى
دهۆک؛ 33 پلەى سیلیزى
کەرکوک؛ 36 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە؛ 34 پلەى سیلیزى
زاخۆ؛ 33 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران؛ 24 پلەى سیلیزى
سۆران؛ 32 پلەى سیلیزى
گەرمیان؛ 37 پلەى سیلیزى

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە