پێنجشەممە لە هەڵەبجە نەوت دابەشدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند رۆژی پێنجشەممە لە ناحیەکانی تەوێڵە و بیارە دەستبەدابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکەن، نرخەکەشی 100 هەزار دینارە بۆ 200 لیتر.
 
ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممەوە 19ـی ئەیلوولی 2024ـەوە دەست بەدابەشکردنی نەوت بکرێت، سەرەتا لە ناحیەکانی تەوێڵە و بیارەوە دابەشدەکرێت."
 
هەر ناحیەیەک لەو دوو ناحیەیە نزیکەی 800 خێزانی تێدایە، بەگوتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆی پارێزگاکە 31 هەزار خێزان سوودمەند دەبن. 
 
رۆژی 11ـی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکات.
 
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەکالەت لە فەرمانێکی وەزاریدا، بڕیاریدا نەو بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتییان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت و بەمشێوەیە:
 
- دابینکردنی 200 لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێک بە نرخی 100 هەزار دینار.
- سەرەتا لە رۆژی 12ـی ئەیلوولی 2024، لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنەکە دەکرێت. 
- چوار هەزار دینار وەک کرێی گواستنەوە وەردەگیرێت. 
- پاراستنی کوالێتیی نەوتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی چاودێریی کوالێتی دەبێت.
 
ساڵی رابردوو بەهەمان شێواز و نرخ، نەوت درایە هاونیشتمانییان لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
 
بە گوێرەی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت تاوەکو 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بووە، لەو ماوەیەدا لە هەولێر 153 هەزار و 422 خێزان، دهۆک 77 هەزار و 899 خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 120 هەزار و 200 خێزان بەشە نەوتیان وەرگرت.