رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سکاڵایەکى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان لە دژى پارتى دیموکراتی کوردستان رەتدەکاتەوە، کە گوایە بانگەشەى پێشوەختەى دەستپێکردووە، بە گوتەى نوێنەرى رێگەپێدراوى لایەنى سکاڵاکار، چێشتخانەیەک چەند پۆستەرێکى بانگەشەى بۆ ئەو لیستە هەڵواسیوە.
بڕیارەکەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی چوارشەممە 18ـی ئەیلوول بڵاوکراوەتەوە. بە گوێرەى بڕیارەکە، ئەو سکاڵایەى نوێنەرى رێگەپێدراوى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لە دهۆک دژ بە پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمارى کردووە، رەتکراوەتەوە.
حەمید زوبێر سلێمان، نوێنەرى رێگەپێدراوى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان کە سکاڵاکەى تۆمار کردبوو، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "سکاڵاکە تایبەت بووە بە هەڵواسینى پۆستەرى بانگەشەى لیستى 190 لە یەکێک لە چێشخانەکانى دهۆک کە بەر لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن بووە."
لە بڕیارەکەى کۆمیسیۆندا هاتووە، رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە بەهۆى ئەوە بووە کە ئەوە نەسەلمێندراوە سکاڵالێکراو (پارتى) بەرپرس بووە لەو پێشێلکارییە، ئەوە جگە لەوەى بە گوێرەى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن لە ماوەیەکى دیاریکراودا ئەو پێشێلکارییە لادراوە.
حەمید زوبێر سلێمان گوتى: "دیارە پۆستەرەکان لەو ماوەیەدا لادراون کە ئاگادارکراونەتەوە لاى بدەن".
بە گوێرەى بڕگەى 22ى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان، ئەگەر پێشێکارییەکى بانگەشەى ھەڵبژاردن بەدی بکرێت، پێویستە لە ماوەى سێ رۆژ دواى ئاگادارکردنەوە لابدرێت.
20ـی تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى دیاری نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ