کەشناسیی کوردستان و عێراق: بارانبارین لە کۆتایی هەفتە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە چەند ناوچەی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، 19-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و گۆڕانی پلەکانی گەرما، بەپێی پێشبینییەکانی خۆمان لە دەستەی کەشناسی چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە و بە دیاریکراوی لە رۆژی هەینی و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە رۆژی شەممە و یەکشەممە، شەپۆلێکی بارانبارینی کەم و هەورو برووسکە روو لە ژمارەیەک ناوچەی هەرێمی کوردستان بکات."
 
هەفتەی داهاتوو هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو وەرزی پاییز، کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو ئەوەیە پلەی گەرما بە ناجێگیری دەمێننەوە، بەڵام دادەبەزێت.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە رووداوی گوت: "بەپێی پێشبینییەکانی ئێمە لەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلی بارانبارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، بەڵام کەم دەبێت، بە گشتی پلەی گەرما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نزمتر دەبێتەوە."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، پلەکانی گەرما لە پارێزگا و ناوچەکان بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە بێت:
 
- هەولێر: 34 پلە
- سلێمانی: 33 پلە
- دهۆک: 33 پلە 
- کەرکووک: 36 پلە 
- هەڵەبجە: 34  پلە 
- زاخۆ: 33 پلە 
- حاجی ئۆمەران: 24 پلە 
- سۆران: 32 پلە 
- گەرمیان: 37 پلە