درێژکردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی کێلێ جێبەجێ نەکرا

18-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاربوو لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ سێ کاژێر درێژبکرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران رازی نەبوون و بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەکە دەڵێت: "بڕیارەکە لە سوودی گەشتیاران بوو."
 
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕینی پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەرچەندە بڕیاردرابوو و رەزامەندیی هەرێمی کوردستان و پارێزگای ورمێیش وەرگیرابوو بۆ ئەوەی لە رۆژی شەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە، 14ـی ئەیلوولەوە هاتووچۆی گەشتیاری لە کاژێر 1 بۆ چواری پاشنیوەڕۆ درێژبکرێتەوە، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرا."
 
بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی کێلێ هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی روونکردەوە و گوتی: "پێشتر رەزامەندییەکە لەدیوی ئێران لۆکاڵی بوو و بەرپرسانی پارێزگاکە رازی بوون، بەڵام دوای راوێژ بە بەرپرسانی سەرووی خۆیانەوە، دیارە ئەوان رازی نەبوون و بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا."
 
رۆژی هەینی، 13ـی ئەیلوولی 2024، عەباس عەزیز، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بەپێی ئەو بڕیارەی پێیانگەیشتووە، لە سبەی شەممەوە، رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2024 هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە لە هەردوو دیوەوە تاوەکو کاژێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆ درێژدەکرێتەوە.
 
هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە لە کاژێر 8:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 1:00ـی پاشنیوەڕۆیە.
 
رۆژانە لەنێوان 500 بۆ 1000 گەشتیار لەو دەروازەیە هاتووچۆ دەکەن، پێشتر هەرێمی کوردستان داوایکردبوو هاتووچۆی گەشتیاری تاوەکو کاژیر 6:00ی ئێوارە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بکرێتە 24 کاژێری. 
 
دەروازەی کێلێ، کە دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە ساڵی 1991ـەوە بە شێوەیەکی نافەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا کراوەتەوە، هەرچەندە ئێران ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت ساڵە بڕیاری بەفەرمی ناساندنی دەروازەکەی داوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە بە فەرمی بیناسێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە