رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە نەچووەتە سعودیە بۆ گەڕاندنەوەی عومرەکاران. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 2000 عومرەکاری کورد لە سعودیەن و تێچووی درەنگ مانەوەیان ناکەوێتە ئەستۆی عومرەکارەکان، دەبێت هێڵی ئاسمانیی عێراقییە قەرەبووی کۆمپانیا و عومرەکاران بکاتەوە.
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 18-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە نەچووەتە سعودیە بۆ گەڕاندنەوەی عومرەکاران.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، 17-09-2024، مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارشەممەوە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەست دەکات بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانەی چەند رۆژێکە لە سعودیە گیریان خواردووە."
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی، لەگەڵ دەستەی حەج و عومرە عێراق و کۆمپانیاکان بە جیدی لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و گوتی، "هیچ تێچوویەکی زۆر مانەوە ناکەوێتە ئەستۆی عومرەکاران. پێویستە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە قەرەبووی کۆمپانیا و عومرەکارانیش بکاتەوە."
سەبارەت بە میکانیزمی گەڕاندنەوەی عومرەکاران، شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، بەگوێرەی خشتە دەبێت و هەر کاروانێک زووتر گەشتی عومرەی کردبێت، دەبێت سەرەتا بگەڕێندرێنەوە.
هاوکات رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 18-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەست دەکات بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانەی کە چەند رۆژێکە لە سعودیە گریانخواردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ عومرەکارێکی کورد نەگەڕاوەتەوە.
رێبوار ئازاد گوتی، زیاتر لە دوو هەزار عومرەکاری هەرێمی کوردستان و سەرووی پێنج هەزار عومرەکاری ناوچەکانی دیکەی عێراق گیریان خواردووە.
رێبوار ئازاد راشیگەیاند، دوێنی 10 پاس و ئەمڕۆش 10 پاسی دیکەیان بە بەتاڵی رەوانەی سعودیە کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانەی کە دەیانەوێت بە پاس بگەڕێنەوە؛ ئەوانەش دەیانەوێت بە فڕۆکە بگەڕێنەوە سەرجەم خەرجیان لەسەر کۆمپانیاکان دەبێت تاوەکو دەگەڕێنەوە.
پێنج رۆژە کێشە بۆ گەڕانەوەی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان لە سعودیەوە دروستبووە.
بە گوتەی رێبوار ئازاد، "کێشەکە بەهۆی ئەوەوە دروستبووە کە هێڵی ئاسمانیی عێراقی فڕۆکەی بەردەست نییە بۆ گەڕاندنەوەیان. بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان لەگەڵیان لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ