وادەی هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان بۆ ئەندامانی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی تائێستا دیارینەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی 27ی ئەیلوولی 2023 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەم لە سلێمانی ببەستێت، بەڵام تائێستا وادەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە مەڵبەندەکان دیارنییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-09-2023 قادر عەدۆ، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی پێنجەم کراون و لیستی ناوی بەربژێری مەڵبەندەکان و بازنەکانیش ئامادەن، بەڵام تائێستا وادەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە مەڵبەندەکان دیارینەکراوە.
قادر عەدۆ گوتیشی، "ئامادەکارییەکان بە باشی بەڕێوەدەچن و تەنیا ئەوە ماوە کە لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە، بڕیار لەسەر وادەی هەڵبژاردن لە مەڵبەندەکان دیاریبکات."
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لە ساڵی 2019، هەر دوو هەزار کادیرێک نوێنەرێکیان ناردە کۆنگرە، بەڵام بەوپێیەی کە ئێستا ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە کەمکراونەتەوە، نوێنەری مەڵبەندەکانیش کەمکراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت، یەکشەممە 27-08-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی کۆنگرە کۆبووەوە.
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، لە تەلاری هونەری ناوەندی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بڕیارە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی لە 124 کەسەوە بۆ نیوە کەمبکرێنەوە. هەروەها کۆنگرەی پێنج 600 ئەندامی دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرە دەنگی پێویست ناهێننەوە، ئەنجوومەنێکی راوێژکارییان بۆ دروستدەکرێت و لەو ئەنجوومەنە دەبنە ئەندام.