شیعە و سوننەکان بۆ دەنگدان بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە مەرجیان هەیە

19-09-2023
زیاد ئیسماعیل
 مۆنیۆمێنتی کیمیاباران لە ‌هەڵەبجە
مۆنیۆمێنتی کیمیاباران لە ‌هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک پەرلەمانتار بە جلوبەرگی کوردییەوە، چاوەڕێیان دەکرد هەڵەبجە بە فەرمی بکرێتە 19یەمین پارێزگای عێراق، بەڵام بۆ دووەم جار ئەو بڕگەیە دواخرا، بۆیە کۆی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان کرد.
 
هۆکاری دواخستنی بڕگەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ئەوەبوو شیعە و سوننە لە بەرامبەر دەنگدان بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، داوا دەکەن چەند ناوچەیەکی دیکە لە عێراق بکرێنە پارێزگا. 
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەداخەوە بیانوو گرتنەکەیان لەسەر دواخستنی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، کارێک بوو هەرگیز چاوەڕوان کراو نەبوو، بچووکترین دیاری بوو بۆ قوربانییانی هەڵەبجە کە رژێمی سەدام بە کیمیاباران و جینۆسایدی کردن، وەکو کوتلە کوردستانییەکان داوامان لە هەموو دیموکراتخواز و دۆستەکانیشمان کرد کە بچوکترین قەرەبوویان بکەینەوە بەوەی [هەڵەبجە] ببێتە 19مین پارێزگای عێراق."
 
مەرجی شیعەکان بۆ دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بە پارێزگاکردنی تەلەعفەرە، بەو جۆرەش تەلەعفەر دەبێتە پارێزگایەکی زۆرینە شیعە، لە بەرامبەر پارێزگای نەینەوا، لەهەمان کاتدا سوننەکانیش دەیانەوێت فەلووجە بکەنە پارێزگا. 
 
موعین کازمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک ناوچەی دیکەش هەیە، بەتایبەت تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا دەکرێت جیابکرێتەوە و بکرێتە پارێزگایەکی سەربەخۆ، لەسەر ئەوە ئێمە داوای دەنگدان دەکەین لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری جیاجیا."
 
ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە هەوڵدەدرێت هەڵەبجە وەکو 19مین پارێزگای عێراق بناسێنرێت، هەرچەندە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز رێگە نادەن پەسند بکرێت.
 
کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە نیگەرانن و پێیان وابوو، هیچ نا پرسی هەڵەبجە نەخرێتە نێو کایەی یارییە سیاسییەکانی بەغداوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە