قوباد تاڵەبانی: بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەت پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەریی خاکی عێراقە

18-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بە پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەریی خاکی عێراق ناودەبات و دەڵێت، "هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە."
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت رایگەیاند، هێرشەکە "پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەریی خاکی عێراقە کە لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەکانی دژە تیرۆر، لە کاتێکدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و راهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بوون."
 
کاژێر 04:05ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە.
 
لای خۆیەوە، دژە تیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. دژە تیرۆر دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات." 
 
لە پەیامەکەیدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، "لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بێنە سەرخەت و کار بکەن بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکی دیکە ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە." داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان و ئاشکرا کردنیان بۆ رای گشتیی خەڵکی کوردستان.
 
قوباد تاڵەبانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هیچ بیانوویەک" نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر "هێزێکی قارەمانی کوردستان کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە و رۆڵێکی بنەڕەتیشیان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا." 
 
قوباد تاڵەبانی پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکات و دەڵێت، "بەداخەوە لەم رووداوەدا سێ هەڤاڵی قارەمانی گەلەکەمان شەهیدکران و سێ هەڤاڵی دیکەشمان بریندار بوون. پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین." 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە