بافڵ تاڵەبانی: ئامانجی ‌هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە

18-09-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بافڵ تاڵەبانی "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت دەکات و دەڵێت، ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سلێمانییە. داواش لە عێراق دەکات، "ئەرکی دەستووری و نیشتمانیی خۆی" جێبەجێ بکات، خاک و ئاسمانی عێراق و کوردستان بپارێزێت.
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و گوتی: "بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر  فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە." 
 
کاژێر 04:05ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە. هاوکات، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە. 
 
لای خۆیەوە، دژە تیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. دژە تیرۆر دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات." 
 
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "‏‎ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراقە و لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە."
 
سەرۆکی یەكێتی دەشڵێت، ‏‎لەبەرامبەر چەند بارەبوونەوەی "ئەم پێشێلکارییە"، ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان "لە ناحەزان و دوژمنكاران" بپارێزن. 
 
‏‎بافڵ تاڵەبانی پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکار و خانەوادەی قوربانیان دەکات و دەڵێت، "‏‎وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت." 
 
بافڵ تاڵەبانی ‏‎داواش "لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان" دەكات هەڵوێستی جدییان هەبێت و "هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە."
 
فڕۆکەخانەی عەربەت، بە دووریی 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی؛ لە ساڵی 2005 کراوەتەوە و لە ساڵی 2007 بڕوانامەی رێپێدانی بۆ قەڵاچۆکردنی ئافاتە کشتوکاڵیەکانی بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2017 وەکو سێیەم فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و حەوتەم فڕۆکەخانەی عێراق بەفەرمی ناسێنراوە، لە بوارەکانی کشتوکاڵی و راهێنانەکاندا سوودی لێ دەبینرێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی دینارتە

کارەبای دینارتە: لە شەو و رۆژێکدا 5 بۆ 6 کاژێر کارەبا هەیە

بەشێک لە هاونیشتمانییانی ناحیەی دینارتە لە سنووری پارێزگای دهۆک گلەیی لە کەمیی کارەبای نیشتمانی دەکەن. بەڕێوەبەری کارەبای شارۆچکەکە دەڵێت: "ماوەیەکە کارەبا زۆر خراپە"، بەڵام ئەو کێشەیە تەنیا لای ئەوان نییە و لە هەموو پارێزگای دهۆک وایە.