دژەتیرۆری سلێمانی لەبارەی هێرشەکەی عەربەت: سێ پێشمەرگەمان شەهیدبوون

18-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دژەتیرۆری سلێمانی لەبارەی بۆردوومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت دەڵێت، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات.. و چارەنووسی هێرشکاران بێ سزا تێناپەڕێت."
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 18-9-2023، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فرۆکەخانەی عەربەت بیسترا و هاونیشتمانییان ڤیدیۆییان بۆ رووداو نارد و دوکەڵێکی زۆر لە فڕۆکەخانەی عەرەبەت دەبینرا، لە سەرەتای رووداوەکەوەش، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، روون نیە رووداوەکە تەقینەوە بووە یان هێرشی درۆنی، ژمارەی قوربانییەکان بە فەرمیی دیار نیە. 
 
لەسەر ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دژەتیرۆری سلێمانی دەڵێت، لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان، زانیارییەکان بە شاراوەیی دەهێڵنەوە و لەداهاتوودا راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرادەکەن.
 
دژەتیرۆری سلێمانی لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و عێراق و هەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن دەشڵێت، چارەنووسی هێرشکاران "بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسووسێک هاوکار بووبێت رووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە و تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەر بڕوات."
 
فڕۆکەخانەی عەربەت، لە ساڵی 2005 کراوەتەوە. لە ساڵی 2007 بڕوانامەی رێپێدانی بۆ قەڵاچۆکردنی ئافاتە کشتوکاڵیەکانی بەدەستهێناوە،  لە ساڵی 2017 وەکو سێیەم فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و حەوتەم فڕۆکەخانەی عێراق بەفەرمی ناسێنراوە. لە بوارەکانی کشتوکاڵی و راهێنانەکاندا سوودی لێ دەبینرێت.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە