جێگری سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان: دوای بەپارێزگابوون بودجەی هەڵەبجە دیاریدەکرێت

18-09-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
جەواد یەساری، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق
جەواد یەساری، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان رایدەگەیێنێت، پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هیچ کێشەیەکی تێدانییە، رۆژی دووشەممە پەسند دەکرێت و دەنگی پێویست دەهێنێت. ئاماژە بەوەش دەکات "لایەنی دارایی پارێزگای هەڵەبجە و بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکە، لەو پڕۆژەیاسایەدا باسی لێوە نەکراوە و بۆ دوای بە پارێزگابوونی هەڵدەگیرێت."

جەواد کەزووم یەساری، جێگری سەرۆکی لیژنەی پارێزگاکان و هەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا قسەی بۆ رووداو کرد، لەبارەی هۆکاری دواخستنی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گوتی "پڕۆژەیاساکە ئامادەیە و لە ئەنجوومەنی نوێنەران دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵێ خستنەڕووی دواکەوت، خرایە کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو [14-9-2023]، بەڵام نیسابی یاسایی دانیشتنەکە تەواو نەبوو، بۆیە دواخرا بۆ رۆژی دووشەممە. کەواتە پڕۆژەکە بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە، یاساکە ئامادەیە و بۆ دروستکردنی پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بەوەش دەبێتە نۆزدەیەمین پارێزگا لە کۆماری عێراقدا و ناوەندی پارێزگاکەش شاری هەڵەبجە دەبێت."

لەسەر پرسی تەرخانکردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پارێزگاکان و هەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق روونیدەکاتەوە، "لایەنی دارایی تاوەکو ئێستا گفتوگۆ نەکراوە، چونکە هێشتا بە یاسا هەر قەزایە، دوای ئەوەی دەنگ لەسەر یاساکە دەدرێ و دەبێتە پارێزگا، ئەوکاتە پارێزگاری دەبێ و بودجەی تایبەت بە خۆی دەبێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی و بەرفراوانکردنی و رێکخستنی بەشێوەیەکی دروست، چونکە وەکو پارێزگایەکی نوێ پێویستی بە باڵەخانە و بیناکانی کارگێڕی دەبێت."  

یەساری دووپاتیدەکاتەوە، یاساکە هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و هیوادارم هەموو برایانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بەم یاسایە بدەن، چونکە یاسایەکە خزمەتی ئەو پارێزگایە دەکات کە کارەساتی گەورەی لەسەر دەستی رژێمی پێشوو بەسەرهاتووە. هیواداریشە، پارەی زیاتر بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان بکرێ بۆئەوەی ئیدارە نوێیەکەی بتوانن کارەکانی بەڕێوەببەن و خزمەتگوزاری پێشکەشی دانیشتووانەکەی بکەن.

جەواد کازم یەساری گەشبینە بەوەی لەلایەنی داراییەوە "کێشە دروست نابێت،" دەڵێت "پشتیوان بەخوا لە بودجەکانی داهاتوودا پارەی زیاتریشی بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام تا ئەم ساتە قەزایە و بەشێکە لە پارێزگاکانی کوردستان و بودجەکەشی بەگوێرەی دانیشتووانەکەیەتی."

دەربارەی هەنگاوە کردەییەکانی دوای دەنگدانیش بۆ بە پاریزگاکردنی هەڵەبجە و دیاریکردنی سنووری پارێزگاکە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پارێزگاکان و هەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، "هەنگاوی یەکەم لەسەر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێویستە سنووری ئیداریی پارێزگاکە و یەکە ئیدارییەکانی ئەم پارێزگایە دەستنیشان بکەن وەکو پارێزگایەکی نوێ. واتە دەبێت فەرمانەکە لە هەرێمی کوردستانەوە دەربچێ و سنوورە ئیدارییەکەی دیاری کرابێت. هەروەها ئەو یەکە ئیدارییانەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە دەبن لە نەخشەدا دیاربێ و بکرێتە پاشکۆی ئەم یاسایە کە پشتیوان بەخوا دەنگی لەسەر دەدرێت."

یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیە، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق زیانلێکەوتووانی کیمیاباران و ئەنفال و جینۆسایدی هاونیشتمانییانی کوردی قەرەبوو نەکردووەتەوە، لەبارەی ئەوەی ئاخۆ دوای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هیچ هەنگاوێک دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە، جەواد کەزووم یەساری گوتی، "هیوا دەخوازم پارەی پێویست بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانە تەرخان بکرێت کە بەهۆی بۆردومانەوە زەرەرمەند بوون، حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوە لەبەرچاو بگرن کە ئەم پارێزگایە مەحرووم بووە و دانیشتووانەکەی بەهۆی کیمیابارانەوە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە و لە سەردەمی رژێمی پێشوودا ئاوارە و سەرگەردان بوونە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".