دوای بەرنامەی 'بەکاتی دهۆک' لایەنەکان لەسەر دەنگۆی قۆرخکاریی گواستنەوەی قوتابیان کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای باسکردنی "قۆرخکاریی گواستنەوەی قوتابیان" لە سنووری پارێزگای دهۆک لە بەرنامەیەکی رادیۆی رووداو، لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەو پرسە لە نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە دهۆک کۆدەبنەوە. ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، گوژمەی پارەی گواستنەوەی قوتابیان لە کۆبوونەوەدا ئاشکرا دەکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئەیلوول، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک، لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، سەندیکای کرێکارانی گواستنەوە، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دهۆک و نوێنەری سەرپەرشتیی قوتابیان لە دهۆک کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر دەنگۆی قۆرخکاریی بەشێک لە شۆفێرانی پاس و مامۆستا و بەڕێوەبەرەکانی دەکات.
 
گوڵستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی لە بەرنامەی "بەکاتی دهۆک"ی رادیۆی رووداو "بەڵێنمان دا بەدواداچوونی ئەو کێشەیە بکەین، ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە نووسینگەی دهۆک کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەو کێشەیە دەکەین" و گوژمەی پارەی گواستنەوەی قوتابیانیش ئاشکرا دەکەن.
 
دەربارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو هەوڵێک دەدەن "ئەو قۆرخکارییە" نەمێنێت، بەدواداچوونی زیاتر دەکەن و "نابێت لەسەر حیسابی قوتابی پارە بۆ هەندێک کەسی دیکە بچێت."

 

 
 
رۆژی 14ی ئەیلوولی 2022 لە بەرنامەی "بەکاتی دهۆک"ی رادیۆی رووداو باس لە دەنگۆی قۆرخکاریی بەشێک لە شۆفێرانی پاس و بەڕێوەبەرەکان و مامۆستای بەشێک لە قوتابخانەکانی دهۆک بۆ گواستنەوەی بەشێک لە قوتابیان کرا.
 
لە بەرنامەکەدا چەند شۆفێرێک باسیان لەوە کرد، لە هەندێک قوتابخانەی دهۆک مانگانە لەسەر حیسابی قوتابی چەند شۆفێر و مامۆستا و بەڕێوەبەرێک سوودمەند دەبن، لەنێوان 50 بۆ 100 هەزار دینار لە هەر شۆفێرێکی پاس وەردەگیرێت و هەر شۆفێرێکیش ئامادە نەبێت پارە بە مامۆستا و نوێنەری شۆفێرەکان بدات، ناتوانێت لەو قوتابخانە قوتابییەکان بگوازێتەوە.
 
ئەو بابەتە دوای بەرنامەکەی رادیۆی رووداو کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا، تاوەکو ئێستاش چەندین مامۆستا و شۆفێر پەیوەندییان بە نووسینگەی رووداو لە دهۆک کردووە و بە بەڵگەوە باسیان لەو "قۆرخکارییە" کردووە.