پڕۆژەیەکی دیاری نیشتەجێبوون لە سلێمانی رادەگیرێت

18-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو هەولێر

پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی دوای تەواوکردنی بەشێکی سەرەکی دوو تاوەری نیشتەجێبوون و تاوەرێکی کولتووری، کارەکانی راگیرا. وەبەرهێنانی سلێمانیش راگیرانەکە پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت، بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانی دەوێت بۆ کارکردنەوە تێیدا.
 
رۆژی یەکشەممە 18-9-2022، سەرکۆ ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاتێک دادگەی نوێی سلێمانی دروستکرا، لە ماستەرپلانەکەیدا بەشێکی دانرابوو بۆ پارکێکی گشتی بەناوی پارکی داد و دەبوو بۆ هەموو هاووڵاتییان بێت، بەڵام دواتر پارێزگاری سلێمانی گرێبەستێکی واژۆکرد و لەسەر ئەو بنچینەیەش کۆمپانیای جێبەجێکار ناوی پارکەکەی لە دادەوە بۆ پارکی نێرگز گۆڕی". 
 
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی گوتیشی: "دواتر کۆمپانیای جێبەجێکار پڕۆژەیەکیان پێشكێشکرد و رایانگەیاند، لە زەوییەکەدا پارکێک دروستدەکەن بەناوی پڕۆژەی پارکی نێرگز؛ لەگەڵ پارکەکەیشدا بینایەکی کولتووری پێنج نهۆمی و دوو تاوەری بازرگانی دروستدەکەن".
 
سەرکۆ گەڵاڵی کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش کرد: "پڕۆژەکە لە 5-3-2015 بەناوی پڕۆژەی پارکی نێرگز پەسند کرا، لەدوای ئەو کاتەوە سێجار لە ماستەرپلاندا پێکهاتەی نەخشەکەی گۆڕانکاری تێداکراوە".
 
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە کەسانی ئاگادار وەریگرتووە، یەکەکانی نێو دوو تاوەرە بازرگانییەکە سێ جۆرن: 161 مەتری، 294 مەتری و 360 مەتری. نزمترین نرخی یەکەکان نزیکەی 17 دەفتەر دۆلار (170هەزار دۆلار)ـە و زیاترینیش نزیکەی 30 دەفتەر دۆلار (300 هەزار دۆلار)ـە. 
 
تاوەرەکان 38 نهۆمن؛ چوار نهۆمی خوارەوەیان بۆ بازرگانی بەکاردەهێندرێن و لە نهۆمی پێنجەمەوە وەک یەکەی نیشتەجێبوون مامەڵەیان پێوەکراوە.
 
بەگوێرەی فەرمانێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە واژۆی محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەکەی لەسەرە، لە رۆژی 20-12-2020، مۆڵەت بە پڕۆژەکە دراوە و ئاماژە بە نێوەڕۆکەکەی کراوە و هاتووە: "پێکدێت لە سەوزایی، شوێنی دانیشتنی گشتی، شوێنی یاریی منداڵان، شوێنی گەشتیاری، گەلەری نێرگز لە باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی، 95 شوێنی بازرگانی، دوو بانک، دوو رێستۆرانت، خواردنگەی بچووک، کارگێڕی، 78 ئۆفیسی بازرگانی، هایپەرمارکێت، دوو تاوەری 38 نهۆمی بۆ 546 ئۆفیسی بازرگانی و ..هتد".
 
لە خاڵێکی نووسراوەکەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "نابێت خاوەن پڕۆژە مامەڵە بە ئۆفیس و شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەکانەوە بکات وەکو نیشتەجێبوون".
 
زەویی پڕۆژەکە ژمارە 47 لەسەر 16یە و زیاتر لە 17 دۆنمە. سەرکۆ گەڵاڵی دەڵێت: "بەگوێرەی فەرمانەکەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، نابێت دەستکاری پێکهاتەی پڕۆژەکە بکرێت و مامەڵە بە شوێنە بازرگانییەکانیەوە بکرێت وەکو پڕۆژەی نیشتەجێبوون".
 
سەرکۆ گەڵاڵی ئاماژە بەوەش دەکات کە پێش گۆڕینی سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە مانگەکانی رابردوودا، لە هۆبەی هونەری و پلاندانانی شارەوانیی سلێمانییدا مۆر بۆ نووسراوەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار دروستکراوە بە "پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکان". دواتر شارەوانی بە نووسراو دەستەی وەبەرهێنانی ئاگادارکردووەتەوە کە جیاوازی لە نەخشەکە و پڕۆژەکەدا هەیە و داوایکردووە جارێکی دیکە نەخشەکەی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
 
بە گوتەی سەرکۆ گەڵاڵی، کۆمپانیا نەگەڕاوەتەوە بۆ دەستەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و گوێی بە نووسراوی شارەوانی سلێمانیش نەداوە و دەستیکردووە بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و دووباڵەخانەی گەورەی دەستپێکردووە کە هەریەکەیان 38 نهۆمە و گوتی: "نە مۆڵەتی هەولێریان هەیە و نە شارەوانی رەزامەندی دەربڕیوە".
 
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان گوتیشی، سەردانی شارەوانی و وەبەرهێنانی سلێمانی و لیژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمانی کردووە و دواتر بەدواداچوونەکانی رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و داواکاری گشتی دەکات.
 
بە گوتەی گەڵاڵی، 56 کەس لەوانەی یەکەکانیان کڕیوە و 20 بۆ 30%ی پێشەکی پارەیان داوە، پەیوەندییان پێوە کردووە و نیگەرانیی خۆیان لە "وەستانی پڕۆژەکە" خستووەتەڕوو.
 
لەو بارەوە عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی رۆژی یەکشەممە 18-9-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر داوای ئێمە لە وەبەرهێنان کارەکانی پڕۆژەکە راگیراون".
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی گوتیشی: "کارکردن لە پڕۆژەکە راگیراوە تاوەکو کەموکورتییەکان چارەسەر دەبن؛ پڕۆژەکە مۆڵەتی یاسایی دەستەی وەبەرهێنانی هەیە، بەڵام بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانی ماوە؛ هەموو پڕۆژەیەک وایە و دەبێت بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەکەنەکە بهێنێت کە لە هەولێرە؛ ئەویش نووسراوی بۆ کراوە کە رەزامەندیی ئەنجوومەنەکە گەڕایەوە، دەتوانێت دەست بە کارەکانی بکاتەوە".
 
کۆمپانیای جێبەجێکار رەتیدەکاتەوە پڕۆژەکەیان راگیرابێت. هێمن جەلال، ئەندازیار لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکەمان رانەگیراوە و ئەوانەی هەن دەنگۆن و بڵاودەبنەوە؛ مۆڵەتیشمان هەیە. رۆژانی داهاتوو بابەتەکە زیاتر روون دەبێتەوە".
 
ئەوە لەکاتێدایە بە تۆمەتی "بەهەدەردانی زەوی، گەندەڵی و کاری نایاسایی"، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سلێمانی و چەند کارمەندێکی شارەوانییەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

رێنوێنییەکانی خوێندنی دیپلۆم، ماستەر و دکتۆرا؛ ئەم کەسانە بە خۆڕایی دەخوێنن

بۆ خوێندنی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی، زمانی ئینگلیزی و تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆس بۆ پێشکێشکردن مەرج نییە، واتە هەر خوازیارێک تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی لە 50٪ بەسەرەوە بێت مافی پێشکێشکردنی دەبێت، بەڵام بۆ خوێندنی ماستەر، مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە 60٪ کەمتر نەبێت و مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی هەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان.