مەحما خەلیل: موقتەدا سەدر بە دەستپێشخەرییەکەی پارتی و سوننە رازی بووە
رووداو- هەولێر
پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانیی سەروەریی سوننە و هادی عامری دەستپێشخەرییەکیان خستووەتەڕوو بۆ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی دۆخی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی بهێننەدەر و بڕیارە شاندێکی هاوبەشیان سەردانی موقتەدا سەدر بکات. ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت: "موقتەدا سەدر رازی بووە پێشوازی لەو شاندە بکات".
رۆژی یەکشەممە 18-9-2022، مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "موقتەدا سەدر رازییە پێشوازی لەو شاندە بکات کە بۆ دەربازکردنی عێراق دەستپێشخەرییان کردووە. لە رۆژانی داهاتوودا رێبەری رەوتی سەدر لە حەنانە پێشوازی لە شاندەکە دەکات".
مەحما خەلیل گوتی: "موقتەدا سەدر بەشێک لە خاڵەکانی ناو دەستپێشخەرییەکەی قبووڵ کردووە و تاوەکو ئێستا هەندێک لە خاڵەکانی بەلاوە قبووڵ نییە. ناکۆکییەکان لەسەر ئەوەن چۆن هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت و حکومەتی ئێستا بەکاربەڕێکەری بمێنێتەوە یان حکومەتێکی نوێ پێکبهێندرێت".
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دەستپێشخەرییەکەی ئەمجارە بە جیاواز دەبینێت لە دەستپێشخەرییەکانی پێشوو و دەڵێت: "جیاوازە، چونکە لایەنەکان رازین هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. هەموویان رازین بەوەی حکومەتێکی کاتی پێکبهێندرێت و ئینجا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەرێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون کە بە کام یاسا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت".
مەحما خەلیل پێیوایە دوای گفتوگۆکانی نێوان شاندەکەی پارتی و سەروەریی سوننە و هادی عامری لەگەڵ موقتەدا سەدر، "ئەگەر زۆرە رێککەوتن بکرێت و ئەو کێشانەش کە هەن چارەسەر ببن".
چوارچێوەی هاوئاهەنگی محەممەد شیاع سوودانی وەک بەربژێری هاوپەیمانێتییەکەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە، بەڵام رەوتی سەدر رازی نییە. مەحما خەلیل دەڵێت: "تا ئێستا محەممەد شیاع سوودانی بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و نەگۆڕدراوە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو نراوە و ئەگەر هەیە بگۆڕدرێت، لەبەرئەوەی لەناو دەستپێشخەرییەکەدا ئاماژە بە گۆڕینی دراوە".
لەبارەی نێوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکەش، مەحما خەلیل دەڵێت: "بەپێی دەستپێشخەرییەکە دەبێ پەرلەمان کۆببێتەوە و لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن رێکبکەون و شێوازی هەڵبژاردن یەکلا ببێتەوە کە ئایا بە چەند بازنەیی بەڕێوەبچێت و گفتوگۆش لەبارەی چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بکرێت".