ژینا ئەمینی بۆچی چووە تاران و چۆن گیانی لەدەستدا؟

18-09-2022
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
دایکی ژینا ئەمینی دوو رۆژ دوای گیانلەدەستدانی کچەکەی لە لاپەڕەی خۆی لە ئینستاگرام وێنەی چەند پێداویستییەکی تایبەتی ژینا-ی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "ئەوانەت پێبوو بۆ سەفەرەکەت، چییان لێ بکەم، ژینا؟"
 
موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی لە لاپەڕەی خۆی لە ئینستاگرام وێنەی چەند پێداویستییەکی تایبەتی ژینای بڵاوکردەوە و بە کوردی بۆی نووسیوە، "بە قوربانی ئەو کەلوپەلانەت بم. باشە بۆ وا زوو رۆیشتی؟ بۆ بەجێت هێشتین؟ دڵمان تۆقی. دایکت زۆر ناڕەحەتە ژینا گیان، بۆ بەجێتهێشتین؟ ئەوانەت پێبوو بۆ سەفەرەکەت، چییان لێ بکەم، ژینا."
 
ژینا بۆچی چووە تاران؟
 
ژینا و دایک و باوک و براکەی رۆژی 05/09/2022 بۆ پشوودان و بەسەربردنی کاتێک لە سەقزەوە چوونە باکووری ئێران. دوای هەفتەیەک، لەوێوە رۆژی دووشەممە 12/09/2022 چوونە تاران و سەردانی ماڵی پووری ژینا (خوشکی دایکی). پلانەکەیان بەو جۆرە بوو دوای دوو سێ رۆژ مانەوە لە تاران بگەڕێنەوە سەقز، بەڵام دەستبەسەرکردنی ژینا لەلایەن پۆلیسی تارانەوە هەموو شتێکی گۆڕی.
 
دوانیوەڕۆی سێشەممە 13-9-2022 ژینا و براکەی، کە ناوی ئەشکانە، چوونە نێو شار تاوەکو پیاسەیەک بکەن. نزیکەی کاژێر 18:30 بە کاتی تاران واتە 05:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر و دوای دابەزین لە وێستگەی حەقانی میترۆی تاران، پۆلیس بانگی ژینا دەکەن و لەسەر شێوازی جلوبەرگی دەستبەسەری دەکەن.
 
لە ئێران و بەتایبەت شارە گەورەکان، یەکەیەکی تایبەتی پۆلیس بەناوی "پۆلیسی ئاسایشی ئاکار" هەیە. ئەرکی ئەو هێزە ئەوەیە کە بەرەنگاری ئەو ژنانە ببێتەوە کە پابەندی باڵاپۆشیی زۆرەملێ نابن. هەمان ئەو ئێوارەیە هێزەکە جگە لە ژینا، ژمارەیەک کچی دیکە لە شەقامی حەقانیی تاران دەستبەسەر دەکەن و بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "ڤان" کە جێگەی 9 کەس دەبێتەوە، دەیانبەن بۆ زیندانی وەزیرانی تاران.
 
جلوبەرگی ژینا چۆن بوو؟
 
ژینا ئەو رۆژە مانتۆیەکی دایکی لەبەردا بوو. موژگان ئیفتیخاری، دایکی ژینا دەڵێت، مانتۆکەی بۆ ژینا گەورە و درێژ بوو و سەرپۆشێکی گەورەشی لەسەربوو. دەشڵێت، ئەشکان داوای لە هێزەکانی پۆلیس کردووە ژینا لەگەڵ خۆیان نەبەن، چونکە ژینا ناشارەزایە و هیچکات بە تەنیا نەچووەتە هیچ شوێنێک، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە و لە براکەشیان داوە.
 
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی پۆلیسی ئێران بڵاویکردووەتەوە، قسەکانی دایکی ژینا پشتڕاستدەکەنەوە و تێیدا دەردەکەوێت، ژینا بە مانتۆیەکی درێژەوە دەچێتە لای یەکێک لە پۆلیسە ژنەکان و بە دەست ئاماژە بەوە دەکات کە جلوبەرگەکەی هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام پۆلیسەکە بە توڕەبوون و ئاماژەی دەست ناچاری دەکات دابنیشێت و بێدەنگ بێت.
 
زیندانی وەزیرانی تاران بەنێوبانگە و زیاتر ئەو ژنانە دەبردرێنە ئەوێ کە بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشیی زۆرەملێوە دەستبەسەر دەکرێن. پووران نازمی، چالاکڤانی سیاسیی ئێرانی نیشتەجێی تاران دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ساڵی رابردوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بە هەمان پاساو دەستبەسەر کراون و براونەتە گرتووخانەی وەزیران و لەوێ سووکایەتییان پێکراوە و ئازار دراون.
 
ژینا ئەمینی کەمتر لە دوو کاژێر لەو گرتووخانەیە دەبێت. میدیا ئێرانییەکان لە زاری چەند کچێکەوە کە لەگەڵ ژینا دەستبەسەر کرابوون بڵاویانکردەوە، ژینا لەنێو ئۆتۆمبێلی پۆلیسدا ترساوە و دژی دەستبەسەرکردنی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و هێزەکانی پۆلیس بە دار لە سەرییان داوە. دوای گەیشتنیان بۆ گرتووخانەی وەزیران، براونەتە هۆڵێک کە پێی دەگوترێت هۆڵی رێنوێنیدان بە ژنان، بۆئەوەی پابەندی باڵاپۆشی بن. لەوێ تەندروستیی ژینا تێکدەچێت و دەکەوێتە سەر زەوی.
 
گیانلەدەستدانی ژینا
 
نەخۆشخانەی کەسرای تاران رۆژی هەینی 16/09/2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژینا کاژێر 20:22 خولەکی رۆژی سێشەممە بێ هیچ نیشانەیەکی زیندووبوون و لە کاتێکدا تووشی وەستانی مێشک ببوو، گەیێندراوەتە نەخۆشخانە. ئەو راگەیێندراوە دوای نزیکەی کاژێرێک لەسەر پەیجی نەخۆشخانەکە لابرا.
 
سەفا عائیلی، خاڵی ژینا کە لە نەخۆشخانە ژینای بینیبوو، رۆژی یەکشەممە 18-9-2022 بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی، "ژینا پێش ئەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانە مێشکی مردبوو و تەنیا بەهۆی ئامێرێکەوە کە لەسەر زاری دانرابوو دڵی لێی دەدا." دەشڵێت، "سەری هەڵئاوسابوو و خوێن لە چاو و گوێی هاتبوو."
 
ژینا ئەمینی کاژێر 15:45 خولەک لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا و لە دۆسیەی پزیشکییەکەیدا نووسراوە، بەهۆی جەڵتەی مێشک و وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام باسی هۆکاری جەڵتەکە نەکراوە.
 
باوکی ژینا رەتیدەکاتەوە کچەکەی نەخۆشیی هەبووبێت
 
چەند خولەکێک پێش ئەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا رابگەیێندرێت، حکومەت و دەزگای دادی ئێران رایانگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ئەو رووداوە پێکهێناوە، بەڵام رۆژێک دواتر، واتە رۆژی شەممە 17-9-2022 و پێش ئەوەی لێکۆڵینەوەکان تەواو بن، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی، هێزەکانی پۆلیس هیچیان پێ نییە تاوەکو لە بەندکراوان بدەن و گوتیشی، هیچ راپۆرتێکیان بەدەستنەگەیشتووە بیسەلمێنێت ژینا لێی دراوە.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران رەتیشیکردەوە، لە دۆخی ژینا ئەمینیدا هیچ کەمتەرخەمییەک کرابێت و درەنگ رەوانەی نەخۆشخانە کرابێت و ئاماژەی بەوەش کرد، ژینا پێشینەی نەخۆشیی هەبووە و لە تەمەنی 5 ساڵی نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کراوە.
 
بەڵام ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، ئەو قسانە رەت دەکاتەوە. ئەمجەد ئەمینی دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 17-9-2022 لە میانی بەڕێوەچوونی پرسەی کچەکەی لە مزگەوتی چواریاری نەبی شاری سەقز رایگەیاند، "ژینا پێشتر هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و قورسترین نەخۆشییەک کە لە 22 ساڵەی تەمەنیدا گرتبووی، هەڵامەت بووە."
 
پۆلیسی تاران دەڵێت، تەواوی ڤیدیۆی دوای گەیشتنی ژینا بۆ گرتووخانەی وەزیرانیان پیشانی کەسوکاری کچە کوردەکە داوە، بەڵام باوکی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو چەند پارچە ڤیدیۆیەی لە میدیای ئێران بڵاوکراوەتەوە، بینیویانە و لەوێشدا دیار نییە چی روویداوە، چونکە فیلمەکە بڕاوە."
 
کەسێکی زۆر نزیک لە ژینا کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، دوانیوەڕۆی یەکشەممە 18/09/2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانەوە هیچ راپۆرتێک لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا بە خێزانەکەی نەدراوە. ئەوانیش بەهۆی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییەوە نەیانتوانیوە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکەیان بکەن، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا دەچنە تاران و پارێزەر دەگرن و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکەیان دەکەن."
 
ئەو کەسە بە رووداوی گوت، "باوکی ژینا بڕیاریداوە لەژێر هیچ گوشارێکدا واز لە دۆسیەی کوشتنی کچەکەی نەهێنێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی تەقسیم لە تورکیا

زۆرترین کۆچی نێوخۆیی لە ئیستەنبووڵ و کەمترین لە ئەردەخان تۆمارکراون

دامەرزاوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 450 هەزار و 953 کەس لە هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان لەنێوان پارێزگاکاندا کۆچیان کردووە.