خاوەن موەلیدەیەکی ئەهلی لە هەولێر: 20 ساڵە هێندەی ئەمساڵ زیانم نەکردووە


رووداو-هەولێر

هاونیشتمانییەک لە هەولێر دەڵێت، زیاتر لە 20 ساڵە خاوەنی موەلیدەیە، بەڵام هیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ زیانی نەکردووە. دەشڵێت، زیاتر لە حکومەت کارەبا بە خەڵک دەدەن. سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکانیش گوتی، تاوەکو ئێستا لە وەزارەتی کارەباوە هیچ بڕیار و راسپاردەیەکیان بۆ زیادکردنی کاژێرەکانی کارەبای حکومی پێنەگەیشتووە. 
 
فوئاد ئەحمەد، خاوەن موەلیدەیەکی ئەهلییە و بە رووداوی گوت: "ئەو کاژێرانەی ئێمە کارەبا دەدەین زۆر زۆرە. موەلیدە بۆ ئەوە نەکراوە. [موەلیدە] بۆ ئەوەیە پێنج بۆ شەش کاژێر کاربکات، بەڵام ئێستا هیچ حسابێکمان بۆ نەکراوە، ئەو کارەبایەی حکومەت هەیەتی زیاد ناکات، ئەمساڵ نەک من هەموو خاوەن موەلیدەکان بەهیلاک چوون بەدەست شکانی [تێكچوونی] موەلیدەکانیان."
 
لە یەک رۆژدا بەشێک لە موەلیدەکان 14 بۆ 15 کاژێر کارەبا دەدەن بە خەڵک، نرخی هەر ئەمپێرێکیش نزیک دەبێتەوە لە 20 هەزار دینار، بەو پێیەبێت بۆ ئەم مانگە نرخی ئەمپێری پێدانی کارەبای موەلیدە دەچێتە سەروو 20 هەزار دینار.
 
رەنجدەر کەیفی، فەرمانبەر باس لەوە دەکات: "مووچەکەم 500 هەزار دینارە، ئەم مانگە 56 هەزار دینارم داوەتە کارەبای موەلیدە، ئەمە جگە لەوەی کرێچیم و دەبێ کرێ خانوو بدەم. ئەو پارەیە زۆرە و ئەم مانگە بۆ هەر ئەمپێرێک 18 هەزار و 750 دینار هاتووەتەوە." 
 
خالید ئەکرەم، فەرمانبەرێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوە کرد: "کە پارەی موەلیدە دەڵێت 18 یان 19 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک، هەست بەوە دەکەم کە کارەبای موەلیدە زیاترە لە کارەبای حکومەت، چونکە بەپێی کاژێری کارکردنە و ئێستا گازیش گرانتر بووە، ئەگەر کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدەکان کەمبێتەوە، هەر ئەمپێری ناگاتە حەوت یان هەشت هەزار دینار." 
 
بەشێک لە خاوەن موەلیدەکان نیگەرانن لە کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی و دەڵێن، بەهۆی زۆریی پێدانی کارەبای موەلیدە بە خەڵك، بەردەوام تووشی زیانی ماددی دەبن بەهۆی خراپبوونی موەلیدەکانیانەوە.
 
سادق مستەفا، خاوەن موەلیدەیەکی ئەهلی بە رووداوی گوت: "فەرموو ئەوە حاڵی منە، ئەمشەو بایی دەفتەرێک دۆلار زیانمان بەرکەوتووە. کێبڵەکان و تەولیدی موەلیدەکەم سووتان، پێویستە حکومەت هاوکاریمان بکات، فەرموو بزانن کەرکووک چۆنە، [لیتری گاز] بە 300 بۆ 400 دینارە، [بەڵام] لێرە لیترێک گاز بە هەزار و 300 دینارە." 
 
ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر باس لەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیار و راسپاردەیەکیان پێنەگەیشتووە لە وەزارەتی کارەباوە بۆ زیادکردنی کاژێرەکانی کارەبای حکومی. گوتیشی، بە تێکڕا رۆژانە 11 بۆ 12 کاژێر حکومەت کارەبا دەداتە خەڵک و ئەوەی دیکە موەلیدە ئەهلییەکان پڕی دەکەنەوە.