لە سۆران ژمارەیەک پارچەی شوێنەواری دەدۆزرێنەوە؛ مێژووەکەیان 7 هەزار و 500 ساڵە


رووداو دیجیتاڵ 

چاڵێکی شوێنەواریی لە سۆران مێژووێکی دیکە لە کوردستان تۆمار دەکات، لەو چاڵە پارچەی گلێنە دۆزراونەتەوە کە سەردەمەکەیان چاخی بەردینی کانزایە و تەمەنیان حەوت هەزار و 500 ساڵە.
 
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو گلێنانە نەخشێندراون کە نەخشی مرۆڤی، ئاژەڵی، نەخشی ئەندازیاری و هەروەها نەخشی فەلەکیشیان لەسەرە. لە مێژوودا باسکراوە کە بابلییەکان یەکەم کەس بوونە کەڵکیان لە زانستی کەشوهەوا وەرگرتووە و ئەوان دۆزیویانەتەوە، بەڵام ئەو گلێنانە راستیی مێژوو دەردەخەن و کوردەکانن بە هەزاران ساڵ پێش بابلییەکان سوودیان لەو زانستە وەرگرتووە."
 
شوێنەکە گردی بانەهێلکی سۆرانە، تیمەکانی هەردوو زانکۆی ئۆتۆنۆموسی بەرشلۆنە و زانکۆی سەلاحەدین کاری تێدا دەکەن، شوێنەکە ناوچەیەکی ئاوەدانییە، لە رووبەری 500 مەتری دووجا، پارچەی شوێنەواری زۆر دەست تیمە شوێنەوارییەکە کەوتوون.
 
ئانا گۆمێز، سەرۆکی تیمی زانکۆی ئۆتۆنۆموسی بەرشلۆنەیە و دەڵێت، "هەندێک کەلوپەلمان دۆزینەوە کە لە ژیانی رۆژانەدا بەکاردەهێندران وەکو بازنگ و ملوانکە، هەروەها کەلوپەلی بواری کشتوکاڵیش."
 
لە ڤیدیۆکەدا چاڵێک دەبینن کە قوڵییەکەی 80 سانتیمەترە، سەردەمی ئیسلام، ساسانی، برۆنزی و حەلەفی لێدۆزراوەتەوە. ئەو پارچە شوێنەوارییانەی پێشتر لەوێ دۆزراونەتەوە، لە ئیسپانیا و لە تاقیگەی کاربۆنی چواردەدا پشکنینیان بۆ کراوە و دەرخەری سەردەمی پێش مێژوون.
 
سرود تاڵیب، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، کەلوپەلەکان هی سەردەمێکن کە سەردەمی پێش مێژووە، سەردەمی گەشەسندنە و بەرەو کۆمەڵگە چوونە، "سەردەمێکی هەستیارە لە کوردستان و زۆر گرنگە لە سەری بزاندرێت."
 
ساڵی 1950 تیمی زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکی، هەمان ئەو تیمەی گوندی چەرمۆیان بە یەکەم ناوچەی کشتوکاڵی لە جیهاندا ناساند، بانە هێلکیان لەسەر نەخشەی شوێنەواری نووسییەوە.