محەممەد حافز بۆ رووداو: دەمانەوێ هەمووان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکدا بەشداربن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، دەیانەوێ هەمووان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکەدا بەشداربن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکەدا پۆستە سەرەکییەکان یەکلایی دەکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-08-2024، دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک، محەممەد حافز قسەی بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە هەڵبژاردن، حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکهات و "دەمانەوێ لەگەڵ هاوبەش و هاوڕێیانمان، هەروەها ئەو پێکهاتانەش کە لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەندا ئامادەنەبوون، لەگەڵ ئێمە لە پێکهێنانی حکومەتێکی راستەقینە بەشداربن، بە جۆرێک کە ئەو حکومەتە نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کەرکووک بکات. ئێمەش بە یەک ئەندازە لە هەمووانەوە نزیک دەبین".
سەبارەت بە وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دوای هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن، محەممەد حافز گوتی: "لە رۆژانی داهاتوودا دانیشتنی ئەنجوومەن دەکرێ" و ئاماژەی بە کاری یەکەمی ئەنجوومەنەکەش کرد: "پۆستە سەرەکییەکانی کەرکووک لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەندا یەکلایی دەکرێنەوە. لە چەند رۆژی یەکەمی داهاتوودا دامەزراندن رادەگەیێنن، ئەوەش بەشێوەیەکی زۆر بارگرانیی سەرشانی خەڵک کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی گەنجان. گەنجانی بێکارمان چاوەڕێی ئەو دامەزراندن دەکەن. بودجە خەرج دەکرێ و زۆر بابەتی لەکارکەوتوو جارێکی دیکە دەکەونەوە سەرکار".
لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دا کە لە هۆتێل رەشید لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن کرا، 3 ئەندامی عەرەب، 2 ئەندامەکەی تورکمان و 2 ئەندامەکەی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەشدار نەبوون. ئەوان دانیشتنەکە بە نایاسایی ناودەبەن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تیشکی خستەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوون: "لە هەموو ئەنجوومەنێکدا دەبێ ئۆپۆزیسیۆن و لایەنی بەرامبەر هەبێ. ئۆپۆزیسیۆن زۆر گرنگە بۆ بەهێزکردنی کاری ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەن. لە قۆناخی نزیکدا پشت گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبینن".
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 ئەندامە و رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە 9 ئەندامە.
بەهۆی ئەوەی رێبوار تەها بووەتە پارێزگار، ئێستا رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نابێ و یەک ئەندام کەمە، چونکە 3 ئەندامی عەرەب و 2 تورکمان و 2 ئەندامەکەی پارتی بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنییان کردووە. بۆیە دەبێ شوێنگرەوەی رێبوار تەها دەستبەکاربێ کە عەبدوڵڵا میروەیسە لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.