بریکاری وەزارەتی دارایی: ئەمڕۆ بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت

دوێنێ کاژێر 12:26
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، "دوای تەواوکردنی زۆربەی کارەکانی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی حەوت خەرج دەکات."
 
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە رێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هەروەها نووسیویەتی "لەم هەفتەیەدا" ھەموو مووچەی مانگی حەوت خەرج دەکرێت.
 
21ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی (مانگی حەوت) رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغداوە دەستى کەوتوون، دواکەوتنى ناردنى پارەى مووچەى مانگى تەممووزى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە، پەیوەندیدارە بە دووبارە وردبینیکردنەوە لە لیستى مووچە لەلایەن فەرمانگەى بودجەى سەر بەو وەزارەتەوە.
 
هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو؛ وردبینیکردنەوەکە بە پاساوى ئەوە بووە؛ ژمارەیەک ناو بۆ لیستی مووچەی مانگی حەوت زیادکراون، کە لە مانگەکانی پێشوودا لە لیستەکەدا نەبوون، هەروەها ناوى دووبارى تێدابووە.
 
پارەى پێویست بۆ مووچەى مانگانەى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 950 ملیار دینارە، زیاتر لە 230 هەزار خانەنشینى مەدەنى و سەربازيیش لە هەرێمى کوردستان دا هەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە