ئەبازەڕی: لە حاجی ئۆمەران و باشماخ باشترین خزمەتگوزاری پێشكێشی زیارەتکاران کراوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هاتنی زیارەتکار لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە
هاتنی زیارەتکار لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاشکۆی رۆشنبیریی باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق دەڵێت، "هەرێمی کوردستان باشترین خزمەتگوزاریی پێشکێشی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن کردووە".
 
رۆژی یەکشەممە، 18-8-2024، لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو دا، غولام رەزا ئەبازەڕی رایگەیاند، لە هەردوو دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و باشماخ باشترین خزمەتگوزاری پێشكێشی زیارەتکاران کراوە و زۆربەشیان حەز دەکەن رێگەی گەڕانەوەیان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت.
 
گوتیشی، "لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، حکومەتی هەرێمی کوردستان 50 دەروازەی تەرخانکردووە کە وا دەکات هەموو زیارەتکارێك لە کەمتر لە پێنج چرکە مامەڵەکەی بکرێت و دەرباز ببێت. سەرووی سێ هەزار و 500 ئۆتۆمبێلیش تەرخانکراون، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەرچی پێداویستیی خۆراک و شمەکە بە زیادەوە بۆ زیارەتکارانی دابین کردووە".
 
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند، "حەز دەکەم لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە سوپاسی چەند کەس و لایەنی هەرێمی کوردستان بکەم کە ئەوانیش رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام هەوڵی داوە ئاسانکاری لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ زیارەتکاران بکات و لە سەردانەکەی بۆ تاران و چاوپێکەوتنی لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێی رێکخستنی سەردانی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنی کردووە. هەروەها سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لە سلێمانیش سوپاسی رێزدار بافڵ تاڵەبانی دەکەم".
 
لە دەروازەی حاجی ئۆمەران و هەولێر دەزگای خێرخوازیی بارزانی بێ بەرامبەر خواردن، چا، ئاو، شەربەت و ئەمبوڵانس بۆ هەموو زیارەتکاران دابین دەکات. هەروەها دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 12ـی ئەم مانگە رایگەیاند، پێشوازییان لە بەشێکی زیارەتکاران کردووە.
 
بەرپرسی دەروازەکە رایگەیاندووە، لەسەر ئەرکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شوێنی پشوودان، خواردن و خواردنەوە و پاس بۆ گەیاندنی زیارەتکاران بە سلێمانی بێ بەرامبەر دابینکراوە. 
 
سەبارەت بە ژمارەی زیارەتکاران، ئەبازەڕی بە رووداوی گوت: "سەرووی دوو ملیۆن کەس لە ئێران ناویان تۆمارکردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی ملیۆنێك و 700 هەزار زیارەتکار سەردانی کەربەلا، نەجەف، کازمییە و سامەڕایان کردووە". گوتیشی: "زۆرترین قەرەباڵخی لەسەر دەروازەی سنووریی میهرانە و لە 63٪ـی زیارەتکاران بۆ چوونە نێو عێراق بەکاریدەهێنن".
 
بە گوتەی ئەبازەڕی، لە چلەی پار نزیکەی 400 هەزار زیارەتکاری بیانی لە وڵاتانی ناوچەکە سەردانی عێراقیان کردووە؛ ئەو ژمارەیە ئەم ساڵ 15٪ تاوەکو 20٪ زیادی کردووە.
 
سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ زیارەتکاران لە ئێران بۆ دەگۆڕدرێتەوە؛ ئەبازەری گوتی، بۆ هەر زیارەتکارێك بڕی 200 هەزار دیناری بۆ دەگۆڕدرێتەوە تاوەکو بتوانێت لە عێراق پێداویستییە سەرەکییەکانی پێ دابین بکات. داواشیان لە زیارەتکاران کردووە گەشتەکەیان لە 5 رۆژ زیاتر نەبێت تاوەکو دەرفەت بدرێتە زیارەتکارانی دیکە سەردانی شوێنە پیرۆزەکان بکەن و قەرەباڵخی کەم بکەنەوە.
 
زیاتر لە هەفتەیەکە چوونی زیارەتکارانی خەڵکی ئێران و هەندێک وڵاتی دیکە بۆ کەربەلا بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستیپێکردووە.
 
چلەی ئیمام حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب. 
 
حوسێنی کوڕی عەلی، چوارەم جێنشینی پێغەمبەری ئیسلامە. ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە