چیرۆکی دەرچوویەکی دانەمەزراو لە سلێمانی؛ کافێیەکی کردووەتەوە و نایەوێت دابمەزرێت


رووداو دیجیتاڵ

دەرچوویەکی بەشی پزیشکی لە سلێمانی دوای بێهیوابوونی لە دامەزراندن، کافێیەکی داناوە و بووەتە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆی.
 
ئومێد خالید، دەرچووی بەشی سڕکردنی پەیمانگەی تەکنیکیی سلێمانییە. 7 ساڵ بە خۆبەخش کاری کردووە و دەڵێت، "ئیدی پێویستم بە مووچەی حکومەت نەماوە و کاری سەربەخۆ دەکەم". 
 
ساڵانە نزیکەی 12 هەزار کەس لە بەشە پزیشکییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان دەردەچن، بەڵام بەشی زۆریان دانامەزرێن. 
 
ئومێد خالید، دەرچووی بەشی سڕکردن بە رووداوی گوت: "ئەو بڕوانامەیەی دوای 14 ساڵ خوێندن بۆ من نەبووە کار و کەسابەت و پێی دانەمەزرام، بۆیە دەستم بە کاری خۆم کرد، ئەگەر ئێستا داشبمەزرێم لە کەرتی حکومی نایکەم، چونکە مووچە وەکو پێویست نییە و دەبێت کارێکی دیکەش بکەم بۆئەوەی بتوانم بژیم".
 
ئومێد بە تەواوی لە پیشە زانستییەکەی دابڕاوە و مەترسی هەیە ئەو زانست و زانیارییانەی فێری بووە یان کۆن بێت یان لەبیری بچێتەوە.
 
دکتۆر سۆران ئەمین، سەرۆکی بەشی کۆلێژی پەرستاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێت: "دانەمەزراندن بۆ چەندین ساڵ کێشەیەکی گەورەیە، چونکە زانستی پزیشکی زانستێکی ورد و فرە رەهەندە، کۆنترۆڵکردنی ئاسان نییە و وردەکارییەکان بیردەچنەوە، رۆژانەش لەسەر ئەو وردەکارییانە بڕیار دەدەیت، کە ئەو وردەکارییانەت بیرچووەوە، بڕیاردانیش هەڵە دەردەچێت، بۆیە تەندروستکارە دانەمەزراوەکان دەچێتە شوێنی کارەکەی زانستێکی کۆنی پێیە. بۆنموونە 10 ساڵ پێش ئێستا دوو دەرمان هەبوو، باوەڕ وابوو ئەگەر ئەو دوانە تێکەڵ بکرێت و بدرێتە نەخۆش چارەسەرە، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە وانییە".
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 270 نەخۆشخانەی تایبەت و کۆمەڵگەی پزیشکی و سەنتەری جیاوازی تەندروستی هەن. بەپێی رێنمایی وەزارەتی تەندروستی دەبێت 50٪ـی کارمەندەکانیان دەرچووی دانەمەزراوبێت، بەڵام ژمارەیان زۆرە و لەو شوێنانەش جێگەیان نابێتەوە.