بەرپرسێکی تورکمان: پڕکردنەوەی پۆستەکانی تورکمان بەتەنیا لەلایەن شیعە، ئەنجامی باشی نابێت
رووداو دیجیتاڵ
هەڕەشە و گوشارەکان رێگر نەبوون لە دەستبەکاربوونی محەممەد ئیبراهیم حافز وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە
لە رێوشوێنێکی توندی ئەمنیدا، گەیشتە باڵەخانەی ئەنجوومەن و پارێزگا.
جگە لە ئەندامێکی عەرەب، هەریەک لە پارێزگار، پێنج ئەندامی یەکێتی و ئەندامەکەی بابلیوون، هاوشانی سەرۆکی ئەنجوومەن بوون.
محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت "سەرەتا، پرسی پۆستە سەرەکییەکان یەکلایی دەکەینەوە. لە رۆژانی دواتردا بابەتی پلەی دامەزراندن تێدەپەڕێنین، چونکە بەشێکی زۆری گەنجەکانمان کە هیچ کارێکیان نییە، چاوەڕوانی ئەو پلە دامەزراندنانەن، هەروەها تێپەڕاندنی بودجە و بەشێکی زۆری کاروبارەکان کە وەستاون بەهۆی نەبوونی ئیدارەکەوە لەرابردوودا."
سێ ئەندامەکەی دیکەی عەرەب و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەموو دانیشتنێکی ئەنجوومەن بکەن و تەنانەت دەوامیش ناکەن.
سەلوە ئەحمەد لە فراکسیۆنی عەرەبی بە رووداوی گوت رۆژی 21ـی مانگ دانیشتنی دادگە هەیە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگە دەکەن.
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێ رەنگە لەداهاتوودا ئەندامی دیکەش بێنە پاڵیان و بەشداریی کۆبوونەوەکان بکەن.
پەروین فاتیح، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت "ئەنجوومەنەکە زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە و لە ئاییندەدا کە بانگەواز دەکات بۆ کۆبوونەوە، رەنگە ئێستا 9 ئەندامین ئەو کات ببینە 11 ئەندام."
لە رێککەوتنی یەکێتی و لایەنی عەرەبی، تورکمانی شیعە ئەگەرچی ئەندامیان نییە، بەڵام بەشێکن لە رێککەوتنەکە، بۆیە ئەو پۆست و بەرکەوتانەی بەریان کەوتووە بە بەتاڵی دەمێننەوە. بەرپرسێکی تورکمان دەڵێ ''پڕکردنەوەی پۆستەکانی تورکمان بەتەنیا لەلایەن شیعە ئەنجامی باشی نابێت."
نەجات حوسێن، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت "خۆ من تورکمانی شیعەم، بەڵام شیعە هەڵەی کردووە کە خۆی لە ئەنجامدا بەرپرسیاریێتی لەئەستۆ دەگرێ. من، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم؛ ئەگەر بەرەی تورکمانی ئینکاری کرد و گوتی 'سکاڵام هەیە' و نەهات، تورکمانی شیعە ئەو پۆستانەی پڕبکاتەوە، ئەوە لێکترازانێکی قووڵ دروست دەکات لەنێوان نەتەوەی تورکمان."
رێککەوتنی یەکێتی و لایەنی عەرەبی بەجۆرێکە؛ دوای دوو ساڵ ئاڵوگۆڕ بە پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی دیکە دەکرێت، بەڵام تائێستا دەقی رێککەوتنەکە کە ئیدارەکەی لەسەر پێکهێندراوە، بۆ رای گشتی رانەگەیێنراوە.