رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا تووشی هەر رووداوێک بێت، شۆفێرەکەی سزای دارایی دەدرێت و دەبێت بیباتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ 18-8-2024، سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە رووداوی گوت، تەنیا لە ئیدارەی گەرمیان نییە، "بڕیارەکە بە یاسا رێکخراوە و لە هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان وەک یەک جێبەجێ دەکرێت."
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستان هەن.
لەبارەی سزاکەوە، سامان عەلی گوتی، "هەر ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا تووشی رووداو بێت، لەلایەن پۆلیسەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە و شۆفێرەکەی بە بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقی سزای دارایی دەدرێت."
بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆیۆتا کراونن کە بە "مەلیکە" ناسراون. 29ـی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان داوای لەو کەسانە کرد ئۆتۆمبێلی "مەلیکە"یان هەیە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ پشکنینیان بۆ کراوە، سەردانی سکانەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بکەن بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانیان لە رێککەوتی 30ـی ئادار تاوەکو 30ـی نیسان. لەو ماوەیەدا پشکنین بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە کرا و، لە دوای ئەوەوە دەستیان بەسەردا نەگیراوە.
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی، "ئەو سزایە داراییەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەدرێن، داشکاندنە 20٪کەی ئێستا دەیانگرێتەوە و دەتوانن لێی سوودمەندبن. داشکانەکەیش تاوەکو 1ی 9ی 2024 بەردەوام دەبێت، ئەگەر درێژنەکرێتەوە."
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیان دەگوترێت بێ سەرەتا و تۆمارناکرێن ئەوانەن کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنینێکیان بۆ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ