لەگەڵ رەنج؛ کورد خاوەنی 1600 جۆر خواردنە و خواردنی دەرەوە دەخوات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بە قسەی بەشێك لە میوانەكانی ئەم بەرنامەیە بێت، پیتزا، ‏ستەیک، ‏چیكوفتە، ملوخییە ‌و بریانی ‌و چەندین خواردنی دیكەش لە ‏بنچینەدا هی ‏كورد بووە ناوەكانیان گۆڕیوە، چێشلێنەرێكی ‏بەنێوبانگی سلێمانیش باس ‏لەوە دەكات لە هەر چوار پارچەكەی ‏كوردستان كورد خاوەنی ‏‏1600 جۆر خواردنە.
 
سەرۆكی ‏دەستەی گشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش ‏وەكو میوانێكی ‏بەرنامەكە ئەوە دەخاتەڕوو چێشتلێنەرە كوردەكان ‏كەمترینیان ‏دەورەو دەرەوەی وڵاتیان بینیوە هەر بەپێی قسەی ئەوبێت ‏لە ‏مانگی 10 ئەم ساڵدا گەورەترین پێشبڕكێی خواردن لە شاری ‏سلێمانی بە ‏بەشداری نوێنەرانی 35 وڵات بەڕێوە دەچێت. ‏
 
پزیشكی گەشەی خۆراكیش جەخت لەوە دەكاتەوە بەراورد بە ‏خواردنە ‏خێراكان (فاست فوت) خواردنە كوردییەكان 100% ‏تەندروستترن.‏
 
یەكەم ژن بوو لە سلێمانی چێشتخانەی كردەوە
 
كەلسووم حوسێن، خاوەنی چێشتخانەی كەلسووم بەشداربوویەكی ‏بەرنامەكە ‏كە یەكەم ژن بووە لە سلێمانی چێشتخانەیەكی كردەوە ‏باسی لەوە كرد، ‏دروشمی كارەكەی هەر لە سەرەتاوە ئەوە بووە ‏‏"رەسەنایەتی لە خواردنی ‏كوردیدایە". كەلسووم حوسێن دان بەوەدا ‏دەنێ‌ چێشلێنەرە كوردەكان ‏نەیانتوانیوە خواردنی كوردی لە ئاستی ‏دنیادا بناسێنن. ئەو گوتیشی: ‏‏"هاندانی خەڵكی وەهای كردووە پەرە ‏بە ئیشەكەم بدەم ‌و تێیدا ‏سەركەوتوو بم".‏
 
كەلسووم حوسێن هەوڵی فراوانکردنی كارەكەی هەبووە، بەڵام ‏وەك خۆی ‏گوتی كۆرۆنا رێگربووە "لە هەولێر چوار لقی ‏چێشتخانەكەم كردەوە، بەڵام ‏كاتی كۆرۆنا دامخست". سەرباری ‏ئەوەی ئەو ژنە كوردە شارەزاییەكی باشی ‏لە خواردنە ‏كوردییەكاندا هەیە، بەڵام وەك باسی دەكات، نەوەكانی ‏وەك ‏زۆربەی منداڵانی هەرێمی كوردستان زیاتر خواردنە ‏خێراكان دەخۆن نەك ‏خواردنی كوردی.‏
 
 
‏1600 جۆر خواردنی كوردی هەیە
 
ئەبێت چەند جۆر خواردنی كوردی هەبێت؟ رەنج سەنگاوی ئەو ‏پرسیارەی لە ‏گۆران حەكیم چێشلێنەر كرد، بەپێی بەدواداچوون ‌و ‏زانیارییەكانی ئەو ‏چێشلێنەرە كوردە بە هەر چوار پارچەی ‏كوردستان كورد خاوەنی ‏‏1600 جۆر خواردنی كوردییە ئەو ‏جەخت لەوە دەكاتەوە بەشێك لە خواردنە ‏كوردییەكان لەلایەن ‏نەتەوەكانی دیكەوە براون ‌و ناوێكی دیكەیان لێنراوە ‏هەر بۆ نموونە ‏گوتی  "چیكوفتە، خواردنێكی كوردی لە باكووری كوردستان ‏هەیە ‏بە ناوی توركەوە رۆیشتووە. لە بنچینەدا هی كوردە جگە لەوە ‏خواردنی ‏ملوخییە، ئەویش كە لە سووریا و لوبنان هەیە لە بنچینەدا ‏كوردییە. ستەیكیش ‏خواردنێكی كوردییە، چونكە كاتی خۆی شوانە ‏كوردەكان لەكاتی چوونیان بۆ  ‏دەرەوە خواردوویانە". بەپێی ‏قسەكانی گۆران حەكیم، دەكرێت برنج و شلەش ‏بكرێتە خواردنێكی ‏خێرا پێشكەشی میوان بكرێت. گۆران حەكیم لەگەڵ ‏ئەوەش نییە كە ‏زۆرینەی منداڵانی كورد ئاشنای خواردنە كوردییەكان نەبن، ‏گوتی: ‏‏"خێزان هەیە منداڵەكانی یەتایبەت قەرەخەرمان و ساوەر دەخۆن".‏
 
 
چێشتخانەی كوردی دەگاتە ئیمارات
 
وەستا ئەكرەم، خاوەنی ریستۆرانتی ماڵی سۆفی كەریم وەك ‏بەشداربوویەكی ‏بەرنامەكە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی كە كورد ‏كەمترین گرنگی بە خواردنە ‏كوردییەكانی دەدا ‌و لە ‏چێشتخانەكانیشدا گرنگییەكی كەمتر بە خواردنە ‏كوردییەكان ‏دەدرێت. وەستا ئەكرەم دەڵێت: "ئێمە كێشەمان نییە خواردنی ‏كوردی ‏زیاد دەكەین، بەڵام كێشەكە ئەوەیە نافرۆشرێ‌ ‌و داواكاری لەسەر ‏زۆر ‏نییە". 
 
چێشتلێنەرێكی خەڵكی رواندزیش كە دانیشتووی شاری ‏هەولێرە بە ‏گرنگییەوە باس لە خواردنە كوردییەكان، بەتایبەت ‏كفتەی رواندزی دەكات: "لە هەر شوێنێك كە دەڵێم خەڵكی ‏رواندزم یەكسەر پێم دەڵێن ‏كفتەكەتان دەرجە یەكە. هەر بۆیە ‏بەنیازم بەناوی كفتەی رواندز ‏چێشتخانەیەك بكەمەوە". ‏چێشتلێنەرێكی دانیشتووی كەركووكیش رەخنە ‏لە گەنجانی كورد ‏دەگرێت بەوەی گرنگی بە خواردنە كوردییەكان نادەن. ئەو ‏دەڵێت: ‏‏"لە كەركووك عەرەب دێت خواردنی كوردی دەخوات، ‏كەچی ‏كوردەكان دەچن خواردنی خێرا دەخۆن". چێشتلێنەرێكی ‏سنووری ‏سلێمانیش ئاماژی بەوە دەكات لە 2021وە بیریان لە ‏گەورەكردنی ‏چێشتخانەكەیان كردووەتەوە گوتی: "لە سەرەتای ‏مانگی 10 لقێكی ‏چێشتخانەكەمان لە ئیمارات دەكەینەوە".‏
 
 
بۆ پێشبڕكێی باشترین خواردن لە 35 وڵاتەوە ‏بەشدار ‏دەبن
 
هەر لەم بەرنامەیەدا، ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار ‏ئاشكرای ‏دەكات لە مانگی 10ی ئەم ساڵ گەورەترین پێشبڕكێ‌ بۆ ‏باشترین ‌و ‏بەتامترین خواردن لە سلێمانی بە شداری نوێنەرانی 35 ‏وڵات ساز دەكرێت ‏ئەو گوتی: "ساڵی رابردوو هەمان پێشبڕكێ‌ لە ‏هەولێر بە بەشداری نوێنەرانی ‏‏25وڵات كرا. ئەم ساڵیش لە ‏سلێمانی دەكرێت ئامانج لەم جۆرە چالاكیانەش ‏بۆ زیاتر ‏شارەزابوون ‌و هاندان ‌و ناساندنی زیاتری چێشتلێنەرە ‏كوردەكانە".‏
 
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار جەخت لەوە دەكاتەوە كە كورد ‏وەك ‏نەتەوەیەكی دێرین خاوەنی جۆرەها خواردنە، بەڵام بەشێكیان ‏لێبردراوە‌ و ‏بەناوی نەتەوەكانی دیكەوە رۆیشتووە: "پیتزا لە ‏بنچینەدا هەر ‏كولێرە بە قیمەیە ‌و كوردییە، بەڵام گۆڕانكاریان تێدا ‏كردوە ناوەكەیان ‏گۆڕیوە". لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەل جەلال رەخنەی ‏ئەوە دەگرێت لە ئەتەكێتی ‏رازاندنەوە و خواردندا چێشلێنەرە ‏كوردەكان لاوازن ئەمەش بۆ ئەوە ‏دەگەڕێنێتەوە كە چێشتلێنەرە ‏كوردەكان كەمترین دەورەیان لە دەرەوەی ‏وڵاتیان بینیوە. ئەو ‏گوتیشی: "شێفەكانی سووریا و لوبنان دەیان وڵات و ‏دەورەیان ‏بینیوە". ئەمەل جەلال ئەوەش دەخاتەڕوو لە رێگای ئەدەب ‏و ‏هونەرە جیاوازەكانەوە كوردە دەتوانێ‌ زیاتر خواردنە ‏كوردییەكانی بە ‏دەرەوەی خۆی بناسێنێ‌.‏
 
 
نووسراوێك بۆ وەزارەتی پەروەردە دەكات
 
بۆ گرنگیدان بە خواردنە كوردییەكان بەتایبەت لە ناوەندەكانی ‏خوێندن، ‏سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار بەڵێنی ئەوە دەدات ‏نووسراوێك بۆ وەزارەتی ‏پەروەردە بكات ‌و داوا بكات لە باخچەی ‏ساوایان ‌و فرۆشگەی ‏قوتابخانەكاندا گرنگی زیاتر بە خواردنی ‏كوردی بدرێت. ئەو گوتی: "نەك هەر ‏نووسراو دەكەم بەڵكو كاری ‏جدیش لەسەر ئەو پرسە دەكەم بەدواداچوونی ‏ورد بۆ ‏نووسراوەكەش دەكەم". ئەو داوا لە چێشتلێنەرانی كورد دەكات، ‏بۆ ‏رێكلام كردن سوود لە تەكنەلۆجیا‌و ئامێرەكانی سەردەم ‏وەربگرن ‌و گوتیشی: ‏‏"زیاتر لە 600 كۆمپانیای گەشتیاری لە ‏هەرێمی كوردستاندا هەیە‌و ‏هەمووشیان كارمەندیان هەیە، بۆچی ‏چێشتلێنەرەكان پێشنیازی ئەوەیان بۆ ‏ناكەن خواردنیان بۆ دروست ‏بكەن، ئەوەش پێشنیازی دۆزینەوەی كارە بۆ ‏خۆیان".‏
 
بەرپرسی یەكەمی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان پێشنیازی ‏ئەوەش بۆ ‏نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ‏كە لە رۆژە ‏نیشتمانییەكانی كوردستاندا گرنگی زیاتر بە خواردنی ‏كوردییەكان بدەن ‌و ‏لە رێگای سازكردنی ئاهەنگ ‌و بۆنەی تایبەت ‏كار بۆ ناساندنی زیاتر خواردنە ‏كوردییەكان بكەن. لە كۆتایی ‏قسەكانیشی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار ‏ئاماژەی بەوەدا ‏زۆرجار خەڵكانی عەرەب، باشتر ركلام بۆ ناوچە ‏گەشتیاریەكانی ‏كوردستان دەكەن كە "دەبوو ئەوە بە پێچەوانەوە بوایە ‏خاوەن ‏شوێنە گەشتیارییەكان ئەوەیان بكردایە".‏
 
'خواردنە كوردییەكان تەندروستترن لە خواردنە ‏خێراكان'
 
دكتۆر تارا بابان، پزیشكی پسپۆڕی گەشە ‌و خۆراك وەك میوانێكی ‏دیكەی ‏بەرنامەكە باس لەوە دەكات خواردنە كوردییەكان 100% ‏باشتر ‌و ‏تەندروستترن بەبەراوورد بە خواردنە گوتیشی: "ئەو ‏بۆچوونە راست نییە كە ‏دەڵێن خواردنی كوردی قورسە". ئەو ‏پزیشكە كە پسپۆڕییەكی تایبەتە بە ‏خۆراك ‌و گەشەی منداڵ ئەوەش ‏دەخاتەڕوو كە زۆربەی منداڵانی كورد ‏كێشەی خواردنیان هەیە ‏ئەو گوتیشی: "بەداخەوە زۆربەی منداڵانی كورد هیچ ‏جۆرە ‏خواردنێكی كوردی ناناس، بەدەگمەن منداڵ هەیە ‏خواردنە ‏كوردییەكان بناسێ بەداخەوە نەوەی داهاتوو هەموویان ‏كێشەی ‏تەندروستیان دەبێت".‏
 
 
ئەو پزیشكە ئاماژەبەوەش دەكات كە ساڵی رابردوو هەوڵێك هەبوو ‏بۆ گۆڕینی ‏خواردنی فرۆشگای قوتابخانەكان، بەڵام هەوڵەكە ‏سەری نەگرتووە.
 
'خواردنە كوردییەكان خەڵك قەڵەو ناكات‏'
 
دكتۆر تارا بابان دژی ئەو بۆچوونەش كە دەگوترێ‌ خواردنی ‏كوردی هۆكارە ‏بۆ قەڵەو بوون ئەو گوتی: "بەهیچ جۆرێك خواردنە ‏كوردییەكان هۆكاری ‏قەڵەوی نین، بەڵكو خواردنە خێراكان ‌و ‏جبس ‌و شیرینی هۆكارن".‏
 
ئەو پزیشكە ئەوەش دەخاتەڕوو زۆرجار دایكان سەردانی ‏نۆرینگەكەی دەكەن ‏باس لەوە دەكەن كە خواردنێكی سووكیان وەك ‏پەتاتەیەكی سووكراوەیان ‏داوەتە منداڵەكەیان ئەو دەڵێت "پەتاتەی ‏سورەوەكراو خواردنێكی سووك ‏نییە، بەشێك لە دایكان بە هەڵە ‏لەوە تێگەیشتوون".‏
 
لە درێژەی قسەكانی لەم بەرنامەیەدا دكتۆر تارا بابان، ئەوەشی ‏روونكردەوە ‏كە لە رووی تەندروستییەوە برنج باشترە لە جبس ‏خواردن: ‏‏"هەندێك كەس دێن بۆلای من دەڵێن برنجمان ‏كەم كردووەتەوە، بەڵام من پێیان ‏دەڵێم بۆ تەندروستیتان جبس كەم ‏بكەنەوە نەك برنج". لە كۆتایی قسەكانیدا ‏دكتۆر تارا ئەوەی ‏خستەڕوو، بۆ مانگی 11 ی ئەم ساڵ خەریكی ‏ئامادەكاری ‏سیمینارێكە لەسەر خواردنی كوردی بۆ منداڵ.‏
 
60%ـی خەڵكی سلێمانی لە دەرەوە نان دەخۆن
 
مەحموود تۆفیق، سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و ‏چێشتخانەكان ‏لە ‏سلێمانی ‏‏وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی ‏لەوە كرد لە بەختی چێشتلێنەرەكان ‏سلێمانی شارێكی خۆشخۆرە: "بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە ‏‏60% خەڵكی سلێمانی ‏بەتایبەت ئێواران‏‎ ‎لە دەرەوە نان دەخۆن". ‏
 
مەحموود تۆفیق بە شانازییەوە باسی لەوە كرد بەراورد بە ‏‏10 ساڵی رابردوو ‏خواردنی كوردی گەشەی باشی كردووە، ئەو كە ‏لە 2004وە كۆمەڵەكەیان بە ‏فەرمی مۆڵەتی وەرگرتووە، بەردەوام ‏خولی فێربوونیان بەبێ‌ بەرامبەر بۆ ‏چێشتلێنەرەكان كردووەتەوە ئەو ‏گوتیشی: "هەر ئەوەش بووەتە هۆی ‏گەشەكردنی ئەو بوارە، ئێستا لە ‏سلێمانی 600 بنكەی گەشتیاری هەیە".‏

 

 
خواردنی قوڕاو چەند جۆری هەیە؟
 
سەوسەن جاسم، ئەندامی دەستەی باڵای رێكخراوی ماڵی شێفەكان لە ‏هەولێر ‏‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو ئەو باسی لەوە كرد ‏دیزاین ‌و رازاندنەوە ‏خواردن كاریگەری زۆر گرنگی لەسەر ‏كڕیار هەیە ‌و گوتیشی: "هەر چەندە ‏ئێستا زۆربەی رازاندنەوەكانی ‏خواردن زیاتر بۆ سناپ كردنە".‏
 
ئەو چێشتلێنەرە بەنێوبانگەی هەولێر باسی خواردنی قوڕاوی كرد ‏كە لە ‏شاری هەولێر بە خواردنێكی بەتام ناوی رۆیشتووە ‌و گوتی ‏‏"لە هەولێر بەیەك ‏شێواز قوڕاو دروست دەكرێت، بەڵام ‏سورییەكان بە چەند جۆرێكی جیاواز ‏دروستی دەكەن". ئەو كە بۆ ‏بەرنامەكە نۆ جۆر خواردنی جیاوازی ئامادە ‏كردبوو باسی لەوەش ‏كرد كە خواردنی رۆژهەڵاتی ‌و رۆژئاوایی ‌و دەریاییش ‏بە باشی ‏دەزانێ‌ ‌و ئامۆژگاری خانمانی كابانی ماڵیش دەكات كە ‏خواردنی ‏زۆر لەبەردەم هاوژینەكانیان دانەنێن ‌و گوتی: "بەنموونە ‏كە یاپراخ دروست ‏دەكەم هەر شەش دانەیەك دەخەمە قاپەكەیەوە، ‏چونكە ئەگەر زۆر بێت، ‏یاخود زۆر جار ئامادەی بكەمەوە، ئەو ‏كاتە لەبەرچاوی دەكەوێت". 
 
بەبڕوای ‏ئەو چێشتلێنەرەی هەولێر ‏‏99% گەنجەكانی هەولێر زیاتر لە دەرەوە نان ‏دەخۆن نەك ماڵەوە ‏گوتیشی: "زۆربەی منداڵان رۆژی یەك ژەم نان دەخۆن، ‏ئەوەش ‏بەتایبەت بۆ گەشەی منداڵ شتێكی زۆر خراپە ‌و پەیوەندی ‏بەوە ‏هەیە بەشێوەیەكی گشتیی خێزانەكان درەنگ دەخەون، ئەوەش ‏بووەتە هۆی ‏كەمكردنەوە ژەمێك یان دوو ژەمی خواردن".‏
 
ئەم بەرنامەیە شەوی 18-08-2024 پێشكەشكرا و ‏میوانە سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە:

 

‏- ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی ‏گەشتوگوزار
‏- سەوسەن جاسم، ئەندامی دەستەی باڵای رێكخراوی ماڵی شێفەكان ‏لە هەولێر  ‏
‏‏- دكتۆر تارا بابان، پزیشكی پسپۆڕی گەشە‌و خۆراك ‏
‏- مەحموود تۆفیق، سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و ‏چێشتخانەكان ‏لە ‏سلێمانی ‏‏